ئەمڕۆ چوارشەم گرووپێكی سەربازی لە گینیا بیساو ئەنجامدانی كودەتا و كۆنترۆڵكردنی تەواوەتیی وڵاتەكەیان راگەیاند، ئەوەش دوای گرتنی عومەر سیسكۆ ئیمبالۆ سەرۆكی دەسەڵات كۆتاهاتووی وڵات لە كۆشكی سەرۆكایەتی لە بیساوی پایەتەخت.
گرووپە سەربازییەكە كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی وڵاتەكە و هەڵپەساردنی پرۆسەی هەڵبژاردن و داخستنی سنوورەكانیان راگەیاند، لەوكاتەی چاوەڕوان دەكرێت ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی بێتە راگەیاندن كە یەكشەمی رابردوو هاتە سازكردن.
ئەمڕۆ دەنگی تەقە لە نزیك كۆشكی سەرۆكایەتی بیسترا، كاتێك ژمارەیەك كەس كە جلی سەربازیان لەبەر بوو، كۆنتڕۆڵی رێگەی سەرەكیان بەرەو كۆشكەكە كرد، لەو وڵاتەی كەوتووەتە رۆژئاوای ئەفریقیا و لەوەتەی سەربەخۆیی وەرگرتووە تا ئێستە چوار كودەتا و چەندان هەوڵی كودەتای بەخۆیەوە بینیوە.
دوای كودەتاكە، گرووپە سەربازییە كودەتاچییەكان بەیاننامەی خۆیان لە بارەگەی سوپا لە بیساو خوێندەوە، عومەر سیسكۆ ئیمبالۆ سەرۆكی گینیا بە گۆڤارێكی راگەیاند كە نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەم لە نووسینگەكەم لە كۆشكی سەرۆكایەتی گیراوە، جیا لە گرتنی جەنەراڵ بیاجی نا نتان سوپاسالار و جەنەراڵ مامادۆ تۆریە جێگری سوپاسالار و بوچی كاندی وەزیری ناوخۆ، ئەوە لەوكاتەی گینیا بە یەكێك لە هەژارترین وڵاتانی دنیا و بە وێستگەیەكی سەرەكی بۆ قاچاغی مادەی هۆشبەر لە نێوان ئەمەریكای لاتینی و ئەوروپا دادەنرێت.
















Leave a Reply