گرووپی تیرۆرستی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” 812 هێرشیان كردووە

بینەر: (428)

گروپی تیرۆریستی بەناو “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” رای گەیاند، لە ماوەی تەنیا 24 سەعاتی رابردوودا، 21 هێرشیان كردووەتە سەر بنكە و پێگەكانی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و ناوچەكە، هاوكات دەڵێت: لە دەسپێكی شەڕەوە تا ئێستە 812 هێرشیان كردووە.

گرووپی تیرۆریستی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” لە راگەیەنراوێكی لەبارەی كارە تیرۆرستییەكان لە ناوچەكە بڵاو كردەوە.

ئاشكرای كرد، هێرشەكان لە رێگەی “دەیان درۆنەوە” كراون و بارەگاكانی ئەمەریكایان لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ كردووەتە ئامانج.

ئەو گرووپە تیرۆستییە كە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەكرێن، بانگەشەی ئەوە دەكەن كە لە 28ی شوباتەوە لە رۆژی یەكەمی سەری ئەمەریكا و ئیسرائیل و ئێران، تا ئێستە 812 هێرشیان كردووەتە سەر وڵاتانی ناوچەكە و چەندان شوێنیش لەناو عێراقدا.

شەوی رابردووش بەشێك لەم گرووپە تیرۆرستییە وەك خۆیان دەڵێن: لە رێگەی درۆنەوە هێرشیان كردووەتە سەر “بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل” لە هەرێمی كوردستان.

ئەو گرووپە چەكدارەی بەرەی موقاوەمە كە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەكرێن، سوپای پاسداران بەئاشكرا گوتی، یەك ژووری ئۆپەراسیۆنمان هەیە و بڕیارەكان ئێمە دەدەین، هەموو جووڵەیەكیان لە ژێر كۆنترۆڵی سوپای پاسداراندایە.

بەگوێرەی بانگەشەكانی، گرووپەكە بە درۆن هێرشی كردووەتە سەر كوێت، بەحرێن و هەرێمی كوردستان.

ژمارەیەك گرووپی چەكداری تیرۆریست ناویان لە خۆیان ناوە “بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” لەوانە “سەرایا ئەولیا دەم، ئەسحابولكەهف، جەیشولغەزەب و ئەولیائەڵا” كە هیچ پێگە و ناونیشانێكی فەرمیان نییە، بەرپرسیارێتیی زۆربەی ئەو هێرشانە لە ئەستۆ دەگرن كە دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان.

دواهێرشیان بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەم حەوتی نیسان درۆنێكی بۆمبڕێژكراو بەر ماڵی هاونیشتمانییەك لە گوندی “زەرگەزەوی” لە سنووری شارەدێی دارەشەكرانی هەولێر كەوت، بەو هۆیەوە پیاوێك و هاوژینەكەی شەهید بوون. دژەتیرۆری كوردستانیش رای گەیاند كە ئەو درۆنەی بەر ماڵی ئەو هاونیشتمانییە كەوتووە، لە ئێرانەوە ئاراستە كرابوو.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *