چوارچێوەی هاوئاهەنگی وادەی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران ئاشكرا دەكات

بینەر: (1.2K)

هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق، چوارچێوەی هاوئاهەنگی خۆی وەك گەورەترین بارستەی پەرلەمان راگەیاند و لیژنەیەكی بۆ وەرگرتنی سیڤیی كاندیدان و چاوپێكەوتنیان پێك هێنا، ئێستە باسی چەند كاندیدێكی بەهێز بۆ پۆستەكە دەكرێت، بەڵام هیچیان یەكلا نەبوونەتەوە، سەركردەیەكی چوارچێوەكە باسی كاتی یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیران دەكات.

ئەگەرچی ئێستە لەناو هەرسێ پێكهاتەی كورد و سوننە و شیعە كێبەركێ لەسەر پۆستە باڵاكان هەیە و ئەوان خۆیان یەكلا نەكردووەتەوە، كە رەنگە یەكلابوونەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و پەسندكردن و داوای دانیشتنی پەرلەمانی نوێ 20 بۆ 25 رۆژیتری پێ بچێت، ئەوە ئەگەر تانەكان كێشە بۆ ئەنجامەكان دروست نەكەن، بەڵام لە میدیاكان شیعە وای پێشان دەدات كە دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران ئاسانە و بەپێی وادە دەستوورییەكان ئامادە دەبێت.

عامر فایز سەركردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دووپاتی كردەوە كە یەكلابوونەوەی كاندیدی كۆتایی سەرۆك وەزیران و راگەیاندنی لە دوای پەسندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق لە لایەن دادگاوە دەبێت، ئێستەش هەر كەسێك ئەو مەرجانەی تیادا بێت كە چوارچێوە بۆ كاندیدبوونی راگەیاندووە، دەتوانێت پێشكەش بكات و كێبەركێی وەرگرتنی پۆستەكە بكات.

سەبارەت بە كاندیدكردنی حزبی دەعوە بۆ نووری مالیكی، فایز گوتی، هیچ شتێك رێگر نییە مالیكی خۆی كاندید بكات و ئەگەریش هەیە كەسێكی تر لە شوێنی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستەكە كاندید بكات، ئێمە چاوەڕوانی لیژنەی تایبەتین بە تاوتوێكردنی ژیاننامەی كاندیدانی ناویان پێشكەش كردووە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *