چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ باسكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران كۆ دەبێتەوە

بینەر: (0)

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی ئەم مانگە بەڕێوە چوو و تا ئێستە پرۆسەكە لە قۆناغی یەكلاكردنەوەی تانەكانە لەسەر ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن، دوای یەكلابوونەوەیان رەوانەی دادگای فیدراڵ دەكرێت بۆ پەسندكردنی، ئینجا سەرۆك كۆمار داوای یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێ لە ماوەی 15 رۆژ دەكات كە دەبێت سەرۆكایەتییەكان بێنە دیاریكردن، لەو ناوەدا بڕیارە سبەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ تاوتوێكردنی ناوی كاندیدانی سەرۆك وەزیران كۆ ببێتەوە.

تا ئێستە كێبەركێ لەسەر پۆستەكان لەناو هەموو پێكهاتەكان گەرمە وە یەكلا نەبووەتەوە، سوننە دەیانەوێ بەر لە یەكەم دانیشتنی پەرلەمان پۆستی سەرۆكی پەرلەمان یەكلا بكەنەوە و كوردیش پۆستی سەرۆك كۆمار و شیعەش سەرۆك وەزیران، جیا لە جێگران و وەزیرەكانی كابینەی نوێ، لەوكاتەی شارەزایان ئاماژە دەكەن كە ئەوجارە هەژموونی ئەمەریكا بەرانبەر بە ئێران زیاترە و ئەوەش ئەركی عێراقییەكانی زەحمەتتر كردووە.

عامر فایز سەرۆكی هاوپەیمانی تەسمیم ئاشكرای كرد كە بڕیارە سبەی دووشەم چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەوەیەك ساز بكات و چەند دۆسیەیەك باس دەكات، لەوانە كاندیدی سەرۆك وەزیران، رەنگە لەو دانیشتنە بابەتی كاندیدی سەرۆك وەزیران یەكلا نەكرێتەوە، بەڵام گفتوگۆ لەسەر بابەتەكە دەكرێت، جیا لە باسكردنی دۆسیەی تر.

فایز پێشبینیی كرد چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ماوەی دوو هەفتە لە دوای یەكلاكردنەوەی ناوی كاندیدان بۆ پۆستەكە لە لایەن لیژنە باڵاكەی بۆ ئەو مەبەستە پێك هێنراوە، ناوی كاندیدی خۆی رابگەیەنێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *