ئەوەی سوودانی گرەوەی لەسەر دەكرد وەك خۆی دەرنەچوو، ئەو یەكەمی هەڵبژادن بوو و زیاترین دەنگ و كورسییەكانی بەدەست هێنا، بەڵام بەو شێوەیە نەبوو كە بتوانێت لە هیزەكانیتری شیعە بێمنەت بێت و بێ ئەوان گەورەترین بارستە و حكوومەت پێك بێنێت، هاوكات نەیارەكانیشی ناتوانن وەك ئەو مامەڵە لەگەڵ ئەمەریكادا بكەن، لەو ناوەدا چارەنووسی ئەو چی دەبێت؟
لەوەتەی ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردن لە هەفتەی رابردوو راگەندراوە، ناو ماڵی شیعە تەواو پەشۆكاوە، ئەوان بوونەتە چەند بەرەیەك و جیا لە خەمی پۆست و پلەكانی كێبەركێی وەرگرتنی دەكەن، كێشەی گەورە دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانە، دۆخەكە لە نێوان مانەوەی سوودانی و نەمانەوەی و دیاریكردنی كاندیدێكی تر كە بتوانێت ئەمەریكا و ئێران و ناوماڵی شیعە رازی بكات، جیا لەوەی ئەوجارە بە نیازن مەرجی قورس لەسەر كاندیدی راسپێردراو بسەپێنن لەوانە كەسێكی سیاسی نەبێت.
تا ئێستە سوودانی لە كۆبوونەوەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەشداریی نەكردووە، كە ئەوان لە كۆبوونەوەی بەردەوامدان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەكە و هەوڵی پێكهێنانی گەورەترین بارستەی پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەتی بێ سوودانی ئەگەر بتوانن، بڕیاریشە ئەم هەفتەیە كۆبوونەوەیەكی گرنگ بە ئامادەبوونی سوودانی ساز بكەن بۆ یەكلاكردنەوەی چەند بابەتێكی گرنگ.
عیسام شاكر ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێی وایە زۆرینەی هێزەكانی چوارچێوە پاڵپشتی لە مانەوەی سوودانی ناكەن، بۆیە چوارچێوە بەرەو دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانێكی نوێ دەچێت لەسەر بنەمای رێككەوتن و سازان، جیا لەوە تاوتوێی رێككەوتنێكی نووسراو دەكرێت كە چەند مەرجێك بەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیران دێتە سەپاندن، لەوانە یەك ماوەی سەرۆك وەزیران و قەدەغەی دروستكردنی هاوپەیمانی و كاری حزبی و رۆڵی تەنیا بەڕێوەبردنی حكوومەت بێت، زۆرینەی چوارچێوە پاڵپشتی لەوە دەكات بۆیە بژارەی مانەوەی سوودانی زۆر زەحمەتە.
لای خۆیەوە عەدنان تەمیمی شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، سوودانی بە ئەنجامێكی باش لە هەڵبژاردن دەرچوو و خاوەن بارستەیەكی گەورە و جۆراوجۆرە و پێوەندییەكی باشی لەگەڵ كورد و سوننە هەیە، بەتایبەتی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو پێوەندییانەش لەپاڵ پاڵپشتی دەرەكی، هەلێكی باشی بۆ دەرەخسێنن بۆ مانەوە، سەرەڕای ناڕەزایەتییەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی.














Leave a Reply