شەوی رابردوو ئەنجوومەنی ئاسایش پڕۆژەبڕیارەكەی ئەمەریكای لەبارەی كەرتی غەزە پەسند كرد، كە پاڵپشتییەك بوو بۆ پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ كە لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو خرایە روو و لە 20 خاڵ پێك هاتبوو و بووە هۆی وەستانی شەڕ، بەوەش گوڕ و تینێكی گەورە بە پلانەكەی ترەمپ و جێبەجێكردنی درا.
وەك وەڵامدانەوەیەك بەرانبەر بە پەسندكردنی پڕۆژەبڕیارەكەی ئەمەریكا، گرووپە چەكدارە ئیسلامییەكانی فەلەستین لەوانە حەماس و جیهادی ئیسلامی پەسندكردنی پڕۆژەكەی ئەمەریكایان رەت كردەوە كە مافی فەلەستینییەكان فەراهەم ناكات و ئەو هێزە نێودەوڵەتییەی لە كەرتی غەزە دێتە دامەزراندن، چەكی بەرگركاران دادەماڵێت و بەوەش سیفەتی بێلایەنی لەدەست دەدات و دەیكاتە بەشێك لە ململانێكان بۆ بەرژەوەندیی ئیسرائیل هەروەها كەرتی غەزە دەخاتە ژێر سەرەپەرشتی و راسپاردەی نێودەوڵەتی و ئەوەش رەتكراوەیە و جێبەجێكردنی ئەو ئامانجانەیە كە ئیسرائیل بە شەڕ بەدەستی نەهێناوە.
لای خۆیەوە دەسەڵاتی فەلەستینی پێشوازی لە بڕیارەكەی ئەنجوومەنی ئاسایش و پڕۆژەكەی ئەمەریكا كرد كە ئاگربەستی بەردەوام لە غەزە جێگیر دەكات و بوار بە هاتنی یارمەتی مرۆیی بێ بەربەست بۆ خەڵكەكەی فەراهەم دەكات و دووپات لە مافی گەلی فەلەستینی لە مافی چارەی خۆنووسین و دامەزراندنی دەوڵەتێكی فەلەستینی دەكاتەوە، هاوكات بۆ ئاساییبوونەوەی ژیان لە غەزە و پاراستنی دانیشتووانی و رێگرتن لە راگواستنیان و كشانەوەی تەواوی سوپای ئیسرائیل و ئاوەدانكردنەوەی غەزە و رێگرتن لە كۆنترۆڵكردنی بەری رۆژئاوا و لەناو نەبردنی چارەسەری دوو دەوڵەت، داوای زوو جێبەجێكردنی بڕیارەكەی كرد.
ئەمە و پڕۆژەبڕیارەكەی ئەمەریكا 2803، كە پاڵپشتی لە ئاگربەستی غەزە دەكات، لە لایەن 13 دەوڵەت هاتە پاڵپشتیكردن، لەوكاتەی تەنیا رووسیا و چین دەنگیان پێی نەدا، جیا لەوە تەواوی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی پاڵپشتییان كرد.
ئەحمەد عەتاونە توێژەری سیاسی دەڵێت، بڕیارەكەی شەوی رابردووی ئەنجوومەنی ئاسایش وەك رووكەش چەندان ئاماژەی ئەرێنی تیادایە، لەوانە جێگیركردنی وەستانی شەڕ و ئاسانكردنی گەیشتنی یارمەتیی مرۆیی و رێخۆشكردنی ئاوەدانكردنەوەی كەرتەكە لەسەر ئاستێكی دوور، بەڵام وەك ناوەڕۆك مەترسیی گەورەی لەخۆ گرتووە، بەتایبەتی سەبارەت بە دواڕۆژی كەرتی غەزە و دۆزی فەلەستین بە گشتی، مەترسیدارترین شت كەرتی غەزە لە دەسەڵاتی فەلەستین جیا دەكاتەوە و دیخاتە ژێر ئیدارەدان و راسپاردەی نێودەوڵەتی و رەنگە بە یەكجاری لە فەلەستین داببڕێت.
روونی كردەوە، بڕیارەكە باسی دوو ساڵ بۆ ئەو دۆخە نوێیەی كەرتی غەزە دەكات، بەڵام بەپێی ئەزموون ئەو ماوە كاتییە دەبێتە بەردەوام وەك ئەوەی لە ئۆسلۆ رووی دا كە بۆ پێنج ساڵ بوو و ئێستە گەیشتووەتە 32 ساڵ بێ ئەوەی فەلەستینیەیكان بە مافی خۆیان بگەن، بەڵكو دۆخەكە گەیشتووەتە داگیركرای و شەڕ و گەمارۆدان، بۆیە سەپاندنی ئیدارەیەكی نێودەوڵەتی بەسەر غەزە و دامەزراندنی هێزێكی نێودەوڵەتی خاوەن دەسەڵاتێكی فرەوانی تەناهی، دەرگە بە رووی چەندان مەترسی دەكاتەوە، لەوانە راگواستنێكی بە هێواشی و درێژخایەن و دواخستنی ئاوەدانكردنەوەی كەرتەكە و ناچاربوونی فەلەستینییەكان بۆ كۆچكردن.
دووپاتی لەوەش كردەوە كە سەبارەت بەو بڕگەی باسی داماڵینی چەكی بزاوە چەكدارەكانی فەلەستینی لە غەزە و بەستنەوەی وەك مەرجێك بە كشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە بەشێك لە غەزە، جیا لە هێشتنەوەی پشتێنەیەكی تەناهیی ئیسرائیل لەناو 20 بۆ 25%ی رووبەری غەزە زۆر مەترسیدارە، هاوكات دوور نییە هێزە ناودەوڵەتییەكان بكەونە شەڕ لەگەڵ گرووپە فەلەستینییەكان.
شایەنی باسە پڕۆژەكەی ئەمەریكا یان بڕیارەكەی ئەنجوومەنی ئاسایش، باسی پلانێكی فرەوان و مێژوویی بۆ كۆتاهێنانی بە ململانێی غەزە دەكات، واتە پاڵپشتیكردنی دەقی پلانەكەی ترەمپ كە لە دوو مانگی رابردوو خستیە روو و دەسەڵاتی فەلەستینی پاڵپشتی لێ دەكات، باسی پێكهێنانی ئیدارەیەكی كاتی بە ناوی ئەنجوومەنی ئاشتی تا 2027 دەكات و ئەگەری درێژكردنەوەی زیاتریشی هەیە، ئەو ئیدارە لێپرسینەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوە یەكگرتووەكان نایگرێتەوە و رۆڵی دەسەڵاتی فەلەستینی فەرامۆش دەكات، لەوكاتەی گرووپە چەكدارە فەلەستینییەكان بە مەترسیداری وەسف دەكەن، چونكە داماڵینی چەكی ئەوان بڕگەیەكی پلانەكەیە و ئەركێكی هێزە نێودەوڵەتییەكانە.
















Leave a Reply