مەسعوود پزیشكیان، سەركۆماری ئێران، دووپاتی كردەوە كە پرسی گواستنەوەی پایتەخت لە تاران بووەتە “پێویستییەكی حەتمی” و وڵاتەكەی چیتر هیچ بژاردەیەكی تری لەبەردەمدا نەماوە.
پزیشكیان لە لێدوانێكدا باسی لە قۆناغەكانی پەرەسەندنی دۆسیەكە كرد و گوتی، كاتێك پێشتر گوتمان دەبێت پایتەخت بگوازینەوە، تەنانەت بودجەی پێویستیشمان نەبوو. ئەگەر هەمانبووایە، رەنگە جێبەجێمان بكردایە.
سەرۆكی ئێران هۆكارەكانی ئەم پێویستییەی روون كردەوە و گوتی، راستییەكەی ئەوەیە كە چیتر هیچ بژاردەیەکی ترمان نییە، چونكە بابەتەكە بووەتە پێویستی. ناتوانین چیتر ئەم ناوچەیە بەرگەی دانیشتووان و بیناسازیی زیاتر بگرێت. دەتوانین فراوانی بكەین، بەڵێ، بەڵام ناتوانین كێشەی ئاوی چارەسەر بكەین.
ناوبراو ئاماژەی بە یەكێك لە چارەسەرە پێشنیازكراوەكان بۆ دابینكردنی ئاوی تاران و تێچووە زۆرەكەی كرد و گوتی، راستە دەكرێت ئاو لە كەنداوەوە بۆ تاران بهێنرێت، بەڵام تێچووی هەر مەترێك سێجا دەگاتە نزیكەی 500 هەزار تمەن. پزیشكیان پرسیاری لەبارەی سوودی ئابووریی كارێكی وا كرد، ئایا لۆژیكییە ئەم بڕە پارەیە بۆ یەك مەتر سێجا ئاو بدەین؟ كام مەنتق دەتوانێت پاساو بۆ ئەمە بهێنێتەوە؟
پزیشكیان لە كۆتاییدا داوای داڕشتنی نەخشەڕێگەیەكی گشتگیری بۆ داهاتووی وڵاتەكەی كرد و گوتی، دەبێت یەكجار بۆ هەمیشە، نەخشەیەكی نوێ و زانستی و گشتگیر بۆ داهاتووی وڵات دابنێین.
ئەم لێدوانانە رەنگدانەوەی ئەو مامەڵە جدییەی حكوومەتی ئێرانە لەگەڵ قەیرانی زیادبوونی دانیشتووان و كەمیی سەرچاوەكانی ئاو لە تارانی پایتەخت، كە ئاماژەیە بۆ ئەگەری خێراکردنی هەنگاوە كردارییەكان بەرەو جێبەجێكردنی پڕۆژەی گواستنەوەی پایتەخت.
















Leave a Reply