هاوكات له‌گه‌ڵ هێرشه‌كه‌ى سه‌ر كۆرمۆر ئێران هه‌نارده‌ى گازى بۆ عێراق راگرت

بینەر: (470)

وه‌زاره‌تى كاره‌باى عێراق ئاشكراى ده‌كات ئێران وه‌زاره‌ته‌كه‌ى ئاگادار كردووته‌وه‌، له‌وه‌ى هه‌نارده‌ى گازى سروشتى بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌وه‌ستێ، به‌ هۆى چاككردنه‌وه‌ و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى بۆرییه‌كانى گازه‌وه‌. ئه‌مه‌یش گومان له‌لایه‌ن چاودێران دروست ده‌كات چونكه‌ ئه‌و بڕیاره‌ى ئێران له‌ كاتێكدا بووه‌ كه‌ هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر كێڵگه‌ی گازى كۆرمۆر.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 28ى تشرینى دووه‌، ئه‌حمه‌د مووسا گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى كاره‌باى عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ ئاژانسى هه‌واڵى عێراق ده‌ڵێ، “ئێران برووسكه‌ى بۆ وه‌زاره‌تى كاره‌با ناردووه‌، له‌وه‌ ئاگادارى ده‌كاته‌وه‌ ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كى ته‌واو هه‌نارده‌ى گازى سروشتى بۆ عێراق ده‌وه‌ستێ به‌ هۆى چاككردنه‌وه‌ى ئه‌و بۆڕیانه‌ى گازه‌كه‌ له‌ناو خاكى ئێرانه‌وه‌”

وه‌زاره‌تى كاره‌با روونى ده‌كاته‌وه‌ سێ رۆژه‌ هه‌نارده‌ى گازى سروشتى بۆ عێراق له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ وه‌ستاوه‌ و دواى چوار رۆژى تر ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌. دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ وه‌زاره‌ت بۆ به‌كارخستنى وێستگه‌كانى كاره‌با په‌ناى بۆ سووته‌مه‌نى تر بردووه‌.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *