نێچیرڤان بارزانی: دوای 11 ساڵ هێشتا نزیکەی نیوەی ئێزیدییەکان لەنێو کەمپەکان دەژین

بینەر: (1.2K)

\"\"

وێستگەنیوز_

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی جینۆسایدی ئێزدییان لە زانکۆی کوردستان لە هەولێر رایگەیاند، دوای 11 ساڵ لە کارەساتی جینۆسایدی ئێزدییان، نزیکەی نیوەیان هێشتا لەنێو کەمپەکان دەژین. 
 
نێچیرڤان بارزانی لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکدا رایگەیاند، \”به‌ديهێنانى دادپه‌روه‌رى بۆ ئێزدييان ته‌نيا به‌ سزادانى تاوانكاران و ئه‌نجامده‌رانى جينۆسايده‌كه‌ نابێت، به‌ڵكو به ئاوڕلێدانه‌وه‌ و كاركردنى جددى بۆ ئێزدييان ده‌بێت كه‌ هه‌موو لايه‌ن و بواره‌كانى ژيانيان بگرێته‌وه‌. به‌ پێدانى دڵنيايى ده‌بێت له‌وه‌ى جارێكى تر رووبه‌ڕووى كاره‌ساتى ئاوا نابنه‌وه‌، ئه‌مڕۆ ساده‌ترين مافى ئێزدييان ئه‌وه‌يه‌ هێنده‌ ئارامى و ئاسايش له‌ شوێن و ناوچه‌كانيان هه‌بێت، بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌. هێنده‌ ئاوه‌دانى و خزمه‌تگوزارييان هه‌بێت، بتوانن روو له‌ زێد و شوێنيان بكه‌نه‌وه‌ و ژيانێكى نوێ ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌\”. 
 
هەروەها داوای جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدای کرد و وتی: \”پێویستە رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و دەوروبەری جێبەجێ بکرێت. چیتر ئێزدی و ناوچەکانیان نەبنە گۆڕەپانی هێزە نایاساییەکان و یەکلاکردنەوەی ئەجێندا هەرێمییەکان.\”
  
بە وتەی نێچیرڤان بارزانی، \”هه‌رێمى كوردستان هه‌ر له‌ ساتى يه‌كه‌مى كاره‌ساته‌كه‌وه‌، وه‌ك ئه‌ركى نيشتمانى و مرۆييى خۆى، پێشوازيى له‌ سه‌دان هه‌زار ئێزدى كرد، به‌ سه‌دان پێشمه‌رگه‌ به‌ فه‌رمانده‌يی جه‌نابى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى، به‌ گيان و خوێنى خۆيان، هه‌رچييان له‌ده‌ست هات كرديان بۆ به‌رگريی لێكردن و پاراستنى ئێزدييان و رزگاركردنى شنگال. ئێمه‌ وه‌ك پرسێكى كوردستانى مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌و كاره‌ساته‌دا كرد، چونكه‌ ئێزدى به‌شێكى ره‌سه‌نى پێكهاته‌كانى كوردستانن\”.
    
نێچیرڤان بارزانی نموونەی منداڵێکی 11 ساڵانی بۆ ئامادەبووان گێڕایەوە و وتی، \”منداڵى ئێزدى هه‌يه‌ ئه‌مڕۆ يازده‌ ساڵانه‌‌ و هه‌موو ته‌مه‌نى له‌ ژينگه‌ى سه‌خت و دژوارى كه‌مپه‌كاندا ژياوه‌. هێشتا ئومێدێكى راسته‌قينه‌ بۆ گۆڕانێكى ئه‌رێنى له‌ دۆخ و ژيانيدا نييه‌. ناتوانێت به‌ ئومێده‌وه‌ له‌ داهاتوو بڕوانێت و چاره‌نووسى ناڕوونه‌‌\”.
 
وتیشی: \”به‌رله‌ هه‌موو شتێك پێويسته‌ متمانه و ئومێد به‌ ئێزدييان ببه‌خشرێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن له‌سه‌ر خه‌رابات و وێرانه‌ى رابردووى تاڵيان، ژيانێكى نوێ دروست بكه‌نه‌وه‌. ئه‌وه‌ ناكرێت ئه‌گه‌ر دادپه‌روه‌رى بۆ ئێزدييان به‌دى نه‌يه‌ت\”. 

بەپێی دوایین ئاماری نوسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردانی ئێزدیی سەر بە نوسینگەی نێچیرڤان بارزانی، لە کۆی شەش هەزار و 417 رفێندراو، تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 588 کەسیان رزگار کراون.

AM:11:09:25/08/2025

ئه‌م بابه‌ته 28
جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *