دوای ئەوەی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق لە 11ی ئەن مانگە بەڕێوە چوو، ئێستە پرۆسەكە لە قۆناغی یەكلاكردنەوەی تانەكانە، دوای ئەوە دەبێت دادگای باڵای فیدراڵی ئەنجامەكان پەسند بكات و سەرۆك وەزیرانیش بانگەشەی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێ بكات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك كۆماری نوێ، پەرلەمانتارێكی شیعە دەڵێت من سەرۆكایەتیی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان دەكەم.
پەرلەمانتار عامر فایز دووپاتی كردەوە كە وەك بەتەمەنترین ئەندامی براوی هەڵبژاردن سەرۆكایەتیی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان دەكەم، ئاشكرای كرد كە ئەو بە دوو ساڵ لە نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا گەورەترە، لەوكاتەی زۆرێك باسی ئەوە دەكەن كە مالیكی بەتەمەنترین كاندیدی براوەیە.
ئاماژەی كرد، من لەدایكبووی 1948م لەوكاتەی نووری مالیكی لەدایكبووی 1950یە، بۆیە من بەتەمەنترم و دەقە دەستوورییەكانیش باسی ئەوەیان كردووە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە سەرەڕای ئەوەی مالیكی دوو ساڵ لە من بچووكترە، بەڵام وەك پێگە و شارەزایی و بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە من بە تواناترە و ئەو راستیەش هەموان دەیزانن، بەڵام پێوەری تەمەن لە یەكەم دانیشتن پشتی پێ دەبەسترێت.
فایز دووپاتی كردەوە، بەپێی دەستوور و پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، بەتەمەنترین ئەندامی براوە سەرۆكایەتیی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێ دەكات كە تیایدا دەرگەی خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك و دوو جێگرانی پەرلەمان واڵا دەكرێت، بۆیە ئێستە چاوەڕوانی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنین لە لایەن دادگای باڵای فیدراڵی و دوای ئەوە سەرۆك كۆمار داوای سازكردنی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێ لە ماوەی 15 رۆژ دەكات، كە تایبەتە بە سوێندخواردنی ئەندامانی نوێ و دواتر هەڵبژاردن سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی پەرلەمانی نوێ.
















Leave a Reply