سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی توندی لەبارەی هێرشەكەی شەوی ڕابردووی سەر كۆرمۆر بڵاو كردەوە و دەڵێت، “پێویستە ئەمەریكا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەكان كەرەستەی بەرگریی بۆ پاراستنی ژێرخانی مەدەنیی هەرێم دابین بكەن”.
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم ڕای گەیاند، “بەتوندترین شێوە سەركۆنەی هێرشە ترسنۆكانەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر دەكەم، داوا لەحكوومەتی فیدراڵ دەكەم ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بدۆزێتەوە و ڕووبەڕووی دادگایان بكاتەوە”.
سەرۆكی حكوومەت رای گەیاند، “داوا لە هاوبەشە ئەمەریكی و نێودەوڵەتییەكانمان دەكەم، كەرەستەی بەرگریی پێویستمان بۆ دابین بكەن بۆ پاراستنی ژێرخانی مەدەنی و پاڵپشتیمان بن لە گرتنەبەری ڕێكاری رژد بۆ ڕێگریكردن لەم هێرشانەی دەكرێنە سەر گەلەكەمان و پێشكەوتنەكانمان”.
لەو ڕاگەیەنراوەدا بارزانی گوتوویەتی، “ناكرێت ڕێگە بەتیرۆریستان، یان هەر كەسێك كە لە پشت هێرشەكانی شەوی ڕابردووەوەیە بدرێت ئەم تاوانانە دووبارە بكەنەوە، یان بەكەفالەت ئازاد بكرێن وەك ئەوەی لە ڕابردوودا ڕووی داوە”.
شەوی رابردوو لە هێرشێكی درۆنیدا بۆ سەر كێلگەی غازی كۆرمۆر، زیانێكی زۆر بەر كێڵگەگە گەیەنرا و ئەوەش بووە هۆی بچڕانی كارەبای زۆرینەی شوێنەكان.
















Leave a Reply