میلیشیاكان تۆماری هێرشەكانیان بۆ سەر چەند وڵاتێك بڵاو دەكەنەوە

بینەر: (7)

هاوكات لەگەڵ دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، میلیشیاكان لە عێراق دەستیان بە كردنەئامانجی بنكە و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە كردووە، ئەوان زیاتر لەوە بە مووشەك و درۆن بۆردمانی ژێرخان و ئامانجە مەدەنییەكان دەكەن، میلیشیاكان تۆماری ڤیدیۆیی هێرشەكانیان بڵاو دەكەنەوە.

وەك تەحەدایەك بۆ حكوومەتی عێراق و شەرمەزاركردنی لەبەردەم ئەمەریكا و وڵاتانی ناوچەكە و ناوخۆی وڵات، هاوكات بۆ سەلماندنی باڵادەستیی خۆیان و لایەنگرییان بۆ ئێران و جێبەجێكردنی ئەجینداكانی، لە هێرشەكانیان بەردەوامن، لەوانە میلیشیای “سرییەكانی ئەولیای دەم”، كە بەرپرسیارەتی هێرشكردنە سەر كوێت و ئوردن و سووریای بە درۆن راگەیاند، كە دوێنێ یەكشەم ئەنجامی داوە.

ئەو میلیشیایەی سەر بە گرووپی “كەتیبەكانی سەید شوهەدا”یە، یەكێك لە نزیكترین گرووپەكان لە ئێران لەپاڵ كەتیبەكانی حزبوڵا و بزاوی نوجەبا، تۆمارێكی ڤیدیۆیی ماوە زیاتر لە دوو خوولەكی بڵاو كردەوە و تیایدا درۆنێكی جۆری “شاهید”ی ئێران لە سەكۆیەك لەسەر بارهەڵگرێك لە بیابانی سەماوە لە باشووری عێراق هەڵدەدەن، ئەوان نووسراوێكیان بەرز كردووەتەوە و ناونیشانی ئامانجەكانی تیادا نووسراوە كە چەند بنكەیەكی ئەمەریكییە لە ئوردن و كوێت و سووریا.

بەرپرسێكی عێراقی لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان لە بەغدا دەڵێت، عێراق دەستی بە جێبەجێكردنی پلانێكی تەناهی كردووە بۆ وەرگرتنەوەی مۆڵەتی تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەكانی چەك و كەرەستەی سەربازییان هەڵگرتووە بە بازگەكان، تەنانەت بۆ هێزەكانی سوپا و پۆلیس و كەژاوەی بەرپرسانیش، لەگەڵ پێویستیی وەرگرتنی مۆڵەتی پێشوەختە بۆ تێپەڕبوون، چونكە هەندێك لە میلیشیاكان ئۆتۆمبێلەكانی حەشدی شەعبی و مۆڵەتی تێپەربوونی ئەوان بۆ ئەنجامدانی هێرشەكان بەكار دێنن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *