ماكنزی: ساڵانێكە لەسەر ئۆپراسیۆنی زەوینی لەناو ئێران مەشقمان كردووە

بینەر: (524)

هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل كە لە 28ی شوباتی رابردوو دەستی پێ كرد، بەردەوامە و ئەگەرچی وەك بەرپرسانی ئەمەریكا ئاماژە دەكەن لە كۆتاییەكەی نزیك بووەتەوە، بەڵام دیار نییە ئەو كۆتاییە بە بەكارهێنانی گورزی گەورەترە یان رازیبوونی تاران بە رێككەوتن، فەرماندەیەكی پێشووی سەربازیی ئەمەریكا ئاشكرای دەكات كە ئەوان ساڵانێكە لەسەر ئۆپراسیۆنی سەربازیی زەوینی لەناو خاكی ئێران مەشقیان كردووە.

جەنەرالی خانەنشین فرانك ماكنزی فەرماندەی پێشووی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا ئاشكرای كرد كە ساڵانێكە سوپای ئەمەریكا پلانی بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازیی زەوینی لەناو خاكی ئێران داناوە و مەشقیان كردووە، ئەو پێی وایە لە كۆتاییەكەی ئێران ملكەچی گوشارە سەربازییەكان دەبێت، ماكنزی لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، لە كۆنەوە بژارە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران لەسەر كەناراوەكانی باشووری ئێران چڕ بووەتەوە، بە كۆنترۆڵكردنی دوورگە و بنكە بچووكەكان لە رێگەی هێرشی خێرا و كتوپڕەوە.

دووپاتی كردەوە، پرۆسەكە هێرشێكی كتوپڕ و سنووردار و كشانەوەیەكی پلانبۆداڕێژراو دەگرێتەوە، واتە هێزە سەربازییەكان ماوەیەكی دوورودرێژ لەوێ نامێننەوە، هاوكات رەنگە هەندێك دوورگە كۆنترۆڵ بكرێن و بۆ گەیشتن بە ئامانجە ستراتیجییەكان بمێننەوە، كۆنترۆڵكردنی چەند شوێنێكی هەستیاری وەك دوورگەی نەوتیی خارك، دەبێتە گورزێكی گەورە بۆ ئێران، رەنگە ئەوەش ببێتە هۆی پەكخستنی تەواوەتی ئابووریی نەوتیی ئێران بێ ئەوەی ژێرخانی وڵاتەكە لەناو ببرێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *