لیژنەی بلۆككردنی پارەی گرووپە تیرۆریستییەكان لە عێراق دەكەوێتە مەترسی

بینەر: (1.7K)

دوای ئەوەی بەم دواییە حكوومەتی عێراق ناوی حزبوڵای لبنانی و حوسییەكانی یەمەنی خستە لستی گرووپە تیرۆریستییەكان و داوای بلۆككردنی سەرچاوە داراییەكانی كرد، دواتر لە بڕیارەكە پاشگەز بووەوە بەوەی هەڵە كراوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بێئومێدی خۆی بەرانبەر بە پاشگەزبوونەوەكە پێشان دا و دووپاتی كردەوە كە واشنتن لە گوشارەكانی لەسەر عێراق بۆ ئەو مەبەستە بەردەوام دەبێت، هاوكات بڕیارەكە مەترسیی خستە سەر لیژنەی بلۆككردنی پارەی گرووپە تیرۆریستییەكان لە عێراق.

ئێستە لیژنەی بلۆككردنی پارە و سامانی گرووپە تیرۆریستییەكان لە عێراق بە یەكێك لە هەستیارترین قۆناغەكانی لەوەتەی دامەزراوە تێپەڕ دەبێت، ئەوەش دوای زنجیرەیەك بڕیار و رێوشوێنی كە مشتومڕی لەبارەی سەربەخۆیی بڕیارەكانی دروست كرد، حكوومەتی عێراق بڕیارێكی لە دژی حزبوڵا و حوسییەكان دا و دواتر پاشگەز بووەوە، كەچی هەڕەشەی میلیشیا شیعەكان كەوتە سەر ئەندامانی لیژنەی بلۆككردنی پارە و سامانی گرووپە تیرۆریستییەكان، ئەوەش گومانی خستە سەر توانای حكوومەت بۆ پاراستنی ئەندامان و بەردەوامبوونی كاری لیژنەكە.

لە دوای ئەوەی رووی دا، گرووپێكی چەكدار كە لە عێراق باڵادەستە، ناو ناسنامەی ئەندامانی لیژنەكەی بڵاو كردەوە وەك هەوڵێك بۆ ترساندنیان، بۆیە ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنەكە ناچار بوون شوێنی دانیشتن و رێگەی هاتوحۆیان بگۆڕن، بۆیە ئێستە حكوومەتی عێراق لە دۆخێكی شلۆقدایە، لە لایەك دەبێت ئەندامانی لیژنەكە بپارێزێت و گەرەنتیی بەردەوامبوونیان لە كاركردن بدات، كە پابەندیی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و پاڵپشتیكردنی یتیرۆری لەسەرە، لە لایەكی تر گوشاری ناوخۆیی سیاسی و میلیشیاكانی لەسەرە بەهۆی لیژنەكەوە.

بەپێی سەرچاوەكان ئێستە لە ناوەندی بڕیار لە بەغدا گفتوگۆ لەوبارەوە هەیە، بەشێك لە هێزە سیاسییە شیعەكان داوای بلۆككردنی كاری لیژنەكە یان گۆڕین و دانانەوەی دەكەن، بۆیە حكوومەتی عێراق زۆربە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسیە دەكات بەو شێوەی بەنەرێنی كار لە ناوبانگی عێراق و پابەندییە دەرەكییەكانی و متمانەی دامەزراوەكانی عێراق بەرانبەر بە دەرەوە نەكات.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *