تا ئێستە گوشارەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل و وڵاتانی رۆژئاوا بۆ سەر لبنان بەردەوامە و داوا دەكە ن تا كۆتایی ئەمساڵ چەكی حزبوڵا داماڵێت و دەست بە گفتوگۆ بكات لەگەڵ ئیسرائیل، لەو ناوەدا وەزیری دەرەوەی لبنان رای گەیاند كە حزبوڵا ناتوانێت بێ رەزامەندی و بڕیاری ئێران چەك دابنێت.
یووسف رەجی وەزیری دەرەوەی لبنان دووپاتی كردەوە كە جیا لە داواكارییە نێودەوڵەتییەكان، داماڵینی چەكی حزبوڵا و هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانە سەربازییەكەی داواكارییەكی لبنانییە، ئاشكرای كرد كە تا ئێستە هەڕەشەی ئیسرائیل لە هێرشێكی فرەوانی سەربازی لە باشووری لبنان هەیە و شەڕ نەوەستاوە، هەرچی حزبوڵایە قەناعەت بەوە ناكات كە لە بەرژەوەندیی لبنان و خۆیەتی كە چەكی رادەست بكات.
دووپاتی كردەوە كە متمانەپێكردن بە لبنان وەك دەوڵەت دەوەسەتێتە سەر سەپاندنی دەسەڵاتی بەسەر تەواوی خاكی لبنان و هێشتنەوەی چەك بە دەستی دەوڵەت و داماڵینی چەكی رێكخراوە چەكدارییە نایاساییەكان، رووداوەكان ئەوەیان دەرخست كە حزبوڵا ناتوانێت پاڵپشتی لە غەزە و ئازادكردنی قودس و بەرگریكردن لە لبنان بكات وەك بانگەشەی بۆ دەكات، بەپێچەوانەوە ئەو دووچاری دۆڕاندنێكی گەورە هاتەوە.
رەجی ئاماژەی كرد كە هیچ چارەسەرێكی تر جگە لە دیپلۆماسیەت نییە و سەركەوتنی ئەو رێگەچارەش بە ئاستی كۆنترۆڵكردنی دەوڵەت بەسەر خاكەكەی دەپیورێت، جیا لە هێشتنەوەی چەك بە دەستی دەوڵەت، تەنیا ئەوكات كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە رژدی مامەڵەكان لەگەڵ دەكات، دیارە كە حزبەكە ناتوانێت بێ بڕیاری ئێران چەكی رادەست بكات و ئەمڕۆ تەنیا خەریكی كوشتنی كات و پارێزگاریكردنە لە خۆی لە ناوخۆ بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی، بۆیەش ئێستە چەند رێگەیەك خۆی بنیات دەنێتەوە، لەوانە بە پارە، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی لەناو لبنان بەدەست بێنێتەوە.
















Leave a Reply