كۆمسیۆن: دوای یەكلابوونەوەی تانەكان ئەنجامی هەڵبژاردن رەوانەی دادگای فیدراڵی دەكرێت

بینەر: (1.6K)

دوای ئەوەی لە 11ی تشرینی دووەمی رابردوو هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو و ئەنجامی كۆتایی پرۆسەی دەنگدان هاتە راگەیاندن، دەرگەی تۆماركردنی تانە لە ئەنجامەكان كرایەوە و زیاتر لە 800 تانە تۆمار كران، ئێستە دەستەی دادوەری خەریكی یەكلاكردنەوەی تانەكان و زیاتر لە نیوەی تانەكانی یەكلا كردووەتەوە، كۆمسیۆن دەڵێت دوای تەواوبوونی ئەو پرۆسەیە ئەنجامەكان رەوانەی دادگای فیدراڵی دەكرێت.

عیماد جەمیل سەرۆكی تیمی راگەیاندن لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان گوتی، رەوانەكردنی تەواوی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بۆ دادگای فیدراڵی بۆ پەسندكردنی، دەكەوێتە دوای كۆتاهاتنی دەستەی دادوەری لە تاوتوێكردنی تەواوی تانەكانی تۆمار كراون.

روونی كردەوە، كۆمسیۆن تەواوی تانەكانی تەواو كردووە و راسپاردەكانی خۆی لەوبارەوە پێشكەش كردووە، ئێستە بابەتەكە لای دەستەی دادوەرییە و دەبێت تا 10 رۆژ یەكلایان بكاتەوە، هەندێك لە تانەكان رێوشوێنی تەكنیكی یان یاساییان لەخۆ گرتووە و پێویستیان بە گەڕاندنەوە بۆ كۆمسیۆن هەیە بۆ پرسیاركردن لەبارەیانەوە یان بۆ تەواوكردنی رێوشوێنە تەكنیكییە پێویستەكان.

جەمیل دووپاتی كردەوە كە دەستەی دادوەری پابەندە بە ماوەی یاسایی یەكلاكردنەوەی تانەكان كە 10 رۆژە، ئەوەش دوای رەوانەكردنی دوایین تانە لە كۆمسیۆنەوە حسێبە، ئێستە دەستەی دادوەری لە كارەكانی بەردەوامە.

دوای راگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەكانی دەنگدان لە ماوەی 24 سەعات لە دوای داخستنی ناوەندەكانی دەنگدان، زیاتر لە 100 سكاڵا لەسەر دەنگدانی تایبەت و گشتی تۆمار كران، بەڵام سكاڵای سەوز و زەرد بوون و كاریان لە ئەنجامی دەنگدان نەكرد، دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی دەنگدانیش دەرگەی تانەدان لە ئەنجامەكان بۆ ماوەی سێ رۆژ كرایەوە و 853 تانە وەرگیران، كە كۆمسیۆن رەوانەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنی كردن و خەریكە لەوێ یەكلا دەكرێنەوە.

شایەنی باسە بەپێی بەیاننامەیەكی دوێنێی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن، تا ئێستە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن لە كۆی 853 تانە، 428 تانەی یەكلا كردووەتەوە و ئەوەی ماوە كە 425 تانەیە، لە رۆژانی داهاتوو یەكلا دەكرێنەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *