كۆمسیۆنی هەڵبژاردن: سكاڵاكانی تۆمار كراون زەرد و سەوزن

👁️بینەر: (3)

11ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو و ئەنجامە سەرەتاییەكان هاتنە راگەیاندن، بڕیاریشە لەم هەفتەیە ئەنجامەكان بەفەرمی رابگەیەندرێت و قۆناغەكانی تر دەست پێ بكات لە تانەدان و وەڵامدانەوەیان و راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی و ژمارەی كورسییەكان و پەسندكردنی ئەنجامەكان لە دادگای باڵا، كۆمسیۆن جارێكی تر دووبارەی كردەوە كە سكاڵاكانی تۆمار كراون زەرد و سەوزن.

جومانە غەلای گوتەبێژ بەناوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دووپاتی كردەوە كە ژمارەی سكاڵاكانی لە هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی پێشكەش كراون گەیشتووەتە 102 سكاڵا، 59ی لە دەنگدانی گشتی و 43ی لە دەنگدانی تایبەت.

روونی كردەوە، بەشی سكاڵا و تانەدان لە كۆمسیۆن دەستی بە جیاكردنەوە و پۆلێنكردنی سكاڵاكان كردووە و تا ئێستە زۆرینەی سكاڵای زەردن، ژمارەیەكی كەمیشی سكاڵای سەوزن، سكالای زەرد واتە ئەوانەی بەڵگەی بابەتیانەیان نییە و هەر لە سەرەتاوە بەهۆی نەبوونی مەرجەكان رەت دەكرێنەوە، سەوزەكانیش ئەوانەن باسی بوونی پێشێلكاریی كارمەندانی كۆمسیۆن دەكەن یان پێشێلكاری پاسەوانەكانی وێستگەكان، ئەوانەش هیچ كاریگەرییەكیان لەسەر ئەنجامەكان نییە و تەنیا لێكۆڵینەوەیان لەبارەوە دەكرێت بۆ ئاشكراكردنی وردەكارییەكانیان.

ئەمە و لە دوای 24 سەعات لە كۆتاهاتنی پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە ئێوارەی 11ی ئەم مانگە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجامە سەرەتاییەكانی هەردوو دەنگدانی گشتی و تایبەتی راگەیاند، كە رێژەی بەشداریكردنی دەنگدەران 56.11% بووە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *