ئەمڕۆ گرووپێك لە سوپای بنین كۆنترۆڵی تەلاری تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەكەیان كرد و وەك ئاماژەیەك بۆ كودەتاكردن بەسەر دەسەڵاتی ئەو وڵاتە رایان گەیاند كە سەرۆكی وڵاتەكە لەكار لادراوە، كەچی وەزیری ناوخۆی بنین رای گەیاند كە هێزە چەكدارەكان، كودەتاكەیان شكست پێ هێناوە.
بەیانیی زووی ئەمڕۆ یەكشەم گرووپێكی سەربازی لە بنین كۆنترۆڵی تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەكەیان كرد و رایان گەیاند كە پاتریس تالۆن سەرۆكی وڵات لەكار لادراوە و ئەوان كۆنترۆڵی دەسەڵاتیان كردووە، لەو وڵاتەی كەوتووەتە رۆژئاوای ئەفریقیا لەسەر زەریای ئەتڵەسی، كەچی حەسەن سیدۆ وەزیری ناوخۆی بنین لە بەیاننامەیەكدا دووپاتی كردەوە كە هێزە چەكدارەكان هەوڵی كودەتاكەیان شكست پێ هێناوە.
ئەوەی لەو وڵاتە رووی داوە، گرووپێكی سەربازی كە خۆیان وەك “لیژنەی سەربازی بۆ بنیاتنانەوە”، ناساندووە، رایان گەیاند كە لە 7ی كانوونی یەكەم كۆبوونەتەوە و بڕیاریان داوە پاتریس تالۆن سەرۆك كۆمار لەكار لابدەن، بەپێی سەرچاوەیەك لەو وڵاتە ئەوان گرووپێكی بچووكی سەربازین و تەنیا كۆنترۆڵی تەلاری تەلەڤزیۆنی فەرمیان كردووە و سوپای بنین كۆنترۆڵی دۆخەكەی لە كۆتۆنۆی پایەتەخت و تەواوی وڵاتەكە كردووە، ئەوان نەیانتوانی دەست بەسەر ماڵی سەرۆك كۆمار و كۆشكی سەرۆكایەتی بگرن، ئێستە سوپا لە پاكتاوكردنی ئەوان بەردەوامە.
كودەتاكەی ئەمڕۆی بنین نوێترینە لە ئەفریقیا، كە بەر لە چەند رۆژێك لە كودەتایەكی هاوشێوە لە گینیا بیساو دێت، تا ئێستە بنین چەندان كودەتا و هەوڵی كودەتای بەخۆیەوە بینیوە، پاتریس تالۆن سەرۆك كۆماری بنین لە 2016ەوە گەیشتووەتە دەسەڵات و ساڵی داهاتوو دووەم ماوەی دەسەڵاتی تەواو دەبێت، كە بەپێی دەستوور تەنیا بۆی هەیە دوو جار لەو پۆستە بمێنێتەوە.
















Leave a Reply