جارێكی تر توركیا دووپاتی لە پێویستیی یەكخستنەوەی تەواوەتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات لەگەڵ سوپا و هێزە تەناهییەكانی سووریا كردەوە، ئەوەش بەپێی رێككەوتنی ئاداری رابردووی دیمەشق، هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا دووپاتی لەوە كردەوە كە ئەو بوونەی ئێستەی هەسەدە هەڕەشەیە بۆ سەر یەكێتیی سووریا و ئاسایشی نەتەوەیی توركیا.
ئەمڕۆ شەموو فیدان لەكاتی دیداری لەگەڵ پەرلەمانتارانی حزبی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوا لە ئەنقەرە گوتی، ئەو بوونەی ئێستەی هەسەدە یەكێتیی سووریا لاواز دەكات و هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی توركیا دەكات و دەیخاتە مەترسییەوە، بۆیە پێویستە هەسەدە بەتەواوەتی لەگەڵ سوپا و هێزە تەناهییەكانی سووریا یەك بخرێت، ئەوەك وەك جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئاداری واژووكراو لە نێوانیان.
روونی كردەوە، ناكرێ داماڵینی چەكی پەكەكە تەنیا بە توركیا پێوەست بكرێت، ئەوە بەس نییە و ئەنقەرە ناكەوێتە ئەو تەڵەوە، ئەنقەرە بەوەندە ناوستێت چالاكییەكانی پەكەكە تەنیا لە ناو خاكی توركیا بوەستێت، بەڵكو دەبێت تەواوی ناوچەكە لە رێكخراوەكە و لقەكانی پاك بكرێتەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ یەكینەكانی پاراستنی گەل، كە پێكهاتەی سەرەكیی هەسەدەیە.
ئەو قسانەی وەزیری دەرەوەی توركیا لە دوای لێدوانەكانی دوایی مەزڵووم كۆبانی فەرماندەی گشتیی هەسەدە هات لە كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لە 19ی ئەم مانگە لە دهۆك هاتە سازكردن و تیایدا رای گەیاند كە هەسەدە و ئیدارەی خۆسەری مەترسی نین بۆ سەر هیچ لایەنێك، ئەو داوای لە توركیا كرد كە وەك هەڕەشە سەیری دامەزراوە سەربازی و ئیداری و تەناهییەكان لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا نەكات و ئەوان دامەزراوەی ئاشتی و ئاسایشن.
















Leave a Reply