عێراق كەوتووەتە دەست میلیشیا و باند و هۆزەكان.. لە میسان چی روو دەدات؟

بینەر: (1.7K)

دۆخی عێراق لە سایەی باڵادەستیی میلیشیا و باندەكانی تاوان و مادەی هۆشبەر و هۆزە چەكدارەكانی یاساشكێن زۆر خراپە، بەتایبەتی لە باشووری عێراق و لە پارێزگای میسان، بەرپرسانی پارێزگاكە ئاماژە بۆ لەدەستدەرچوونی دۆخی تەناهی و كوژرانی چەند بەرپرسێكی پارێزگاكە و كۆچكردنی خەڵكێكی زۆر بەو هۆیەوە دەكەن.

حوسێن مریانی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان لەوبارەوە دەڵێت، پارێزگاكە بەدەست لەدەستدەرچوونی تەناهییەوە دەناڵێنێت، هێزی هۆزەكان رۆژ دوای رۆژ زیاتر لەدەست دەردەچێت، هەر بەم دواییە بەڕێوەبەرێكی كارەبا و بەڕێوەبەرێكی خانەنشینی قوتابخانە و چەند كارمەندێكی سوپا لەكاتی جێبەجێكردنی ئەركەكانیان لە دژی یاساشكێنەكان كوژران، جیا لە ئەنجامدانی نمایشی سەربازی بە چەكی قورس لە كاتی بەخاكسپاردنی شێخێك.

روونی كردەوە، رۆژانە لە میسان بە لایەنی كەم دوو شەڕی چەكدار بەهۆی باخیبوونی هۆزەكانەوە تۆمار دەكرێت، ئێستە ئەو پارێزگایە سێ كێشەی هەیە، ململانێی هۆزەكان و باندەكانی تاوان و بازرگانیی مادەی هۆشبەر.

كازم دریۆل بەڕێوەبەری پێشووی شارەدێی عوزێر دەڵێت، لە ماوەی دوایی زیاتر لە شەش هەزار كەس لە پارێزگاكە رۆیشتوون و ئەوەش ژمارەیەكی مەترسیدارە، بەتایبەتی لە گوند و ناوچە سنوورییەكان، ئەوان بەرەو شاری عیمارە و پارێزگای بەسرە و ناوچەی تر كۆچیان كردووە، هۆكاری رۆیشتنی ئەوان زۆریی ململانێ و شەڕی هۆزەكان و كەمیی ئاوە، كە هەندێك لە ناوچەكانی میسان بەهۆی ئەو دوو هۆكارەوە لێشاوێكی مەترسیداری كۆچكردن بەخۆیانەوە دەبینن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *