“شیعە لە دابەشكردنی پۆستەكانن رەچاوی ئەمەریكا و ئێران دەكەن”

بینەر: (1.1K)

هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق لە 11ی مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، چوارچێوەی هاوئاهەنگی خەریكی كۆبوونەوەن بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی حكوومەتێك كە رەچاوی هاوسەنگی لە نێوان ئەمەریكا و ئێران بكەن.

چەند سەرچاوەیەكی عێراقی ئاشكرایان كرد كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاماژەی روونی لە ئەمەریكا پێ گەیشتووە بە قبووڵنەكردنی كەسایەتییەكی پێوەندیدار بە میلیشیا شیعەكان بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەتی نوێ، لەبارەی ئەو قسانەی باسی سەپاندنی سزا بەسەر ژمارەیەك كەسایەتی و قەوارەی عێراقی دەكرێت، روونیان كردەوە، سزاكان پێوەندییان بە ئاستی وەڵامدانەوەی عێراق بۆ پەیام و داواكارییەكانی ئەمەریكا هەیە.

لەوكاتەی سەرچاوەكان دووپاتیان كردەوە كە واشنتن روونی كردووەتەوە بەوەی كرانەوەی ئابووری بە رووی عێراق پێوەندیی بە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ هەیە، ئەحمەد خزر توێژەری سیاسی ئاماژە دەكات كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی مشتومڕی لەبارەی سیاسەتەكانی سەرۆك وەزیرانی نوێ یەكلا كردووەتەوە، چوارچێوەكە سەرۆك وەزیرانێكی ناوێ رووبەڕووی ئەمەریكا ببێتەوە.

روونی كردەوە، ئەوەش مانای كۆتاهاتنی هەلی بەردەم هەر كاندیدێكە لە بەرەی نەیار بۆ ئەمەریكا بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، بۆیە بڕیاری چوارچێوە لەبارەی پێوەندی لەگەڵ ئەمەریكا لە قۆناغی دوای سوودانی، بریتی دەبێت لە هاریكاری و دەمارنەگرتن و بەهێزكردنی پێوەندییەكان لە بوارە جیاجیاكان، ئەوەش سیاسەتی سوودانی نییە، بەڵكو درككردنی چوارچێوەیە بە گرنگیی دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێكان بۆ ئەو قۆناغە و قۆناغی داهاتوو.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *