شیعە بۆ چەند بابەتێكی گرنگ كۆ دەبنەوە

بینەر: (1.6K)

ئێستە شپرزەییەكی زۆر بە ناو ماڵی شیعەدا دیارە، لە لایەك تا ئێستە نەیانتوانیوە كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دیاری بكەن، لە لایەكی تر نازانن لەژێر گوشاری ئەمەریكا و ئێران چی بكەن، نزیكبوونەوەی پەسندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنیش دۆخی ئەوان شلۆقتر دەكات، بەتایبەتی كە تەنگژەیەكی قووڵی دارایی و ئابووری چاوەڕوانی عێراق دەكات.

عودەی عەبدولهادی ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دووپاتی كردەوە كە هێزەكانی چوارچێوە كۆبوونەوەیەكی گرنگ لە هەفتەی داهاتوو ساز دەكەن، ئەوان باسی پێنج دۆسیەی گرنگ پێوەست بە هەردوو بواری ناوخۆیی و دەرەوە دەكەن.

روونی كردەوە، هەفتەی داهاتوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەوەیەكی گرنگ بۆ باسكردنی چەند دۆسیەیەك ساز دەكات، لەوانە ئەو بڕیارەی بەم دواییە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی هاتە بڵاوكردنەوە و ئەو كاردانەوانەی لە رای گشتی بەدوای خۆیدا هێنا، جیا لە چاوخشاندن بە ئەنجامی لێكۆڵینەوە كە حكوومەت لەبارەی بابەتەكە دەستی پێ كرد.

دووپاتی كردەوە، هەر لە كۆبوونەوەكەی هەفتەی داهاتووی چوارچێوە، باسی پەرەسەندنەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن دەكرێت، باسی گفتوگۆ لەگەڵ هێزە سیاسییەكان و باسی دۆسیەكانی ناوخۆیی و دەرەكی دەكرێت.

عەبدولهادی ئاماژەی كرد كە هێشتا زووە باسی ئەوە بكرێت كە لە كۆبونەوەكە رێككەوتن لەسەر چی دەكرێت، بەڵام گفتوگۆیەكی ورد و یەكلاكەرەوە دەبێت، بەتایبەتی پێوەست بە ئەنجامی هەڵبژاردن و پێویستیی پەلەكردن لە دیاریكردنی ناسنامەی كاندیدی سەرۆكی حكوومەت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *