شمەری: واشنتن ژینگەیەكی نوێ لە عێراق دوور لە میلیشیاكان دادەمەزرێنێت

بینەر: (956)

هاوكات لەگەڵ گوشارەكانی ئەمەریكا لەسەر عێراق سەبارەت بە میلیشیاكانەوە، سەرچاوەكان ئاماژە دەكەن كە واشنتن پەیامێكی بۆ هێزە سیاسییەكانی عێراق ناردووە بە رێگرتن لە كەسایەتییەكانی سەر بە میلیشیاكان لە وەرگرتنی پۆستی باڵا، بەتایبەتی سەرۆك وەزیران و وەزارەتە تەناهییەكان، توێژەرێكی سیاسیش دەڵێت، بڕیارەكەی ئەمەریكا روونە، هەوڵی دروستكردنی ژینگەیەكی نوێی سیاسی دوور لە میلیشیاكان دەدات.

د. ئیحسان شمەری سەرۆكی ناوەندی بیركردنەوەی سیاسیانە دەڵێت، بڕیارەكەی ئەمەریكا بۆ قۆناغی داهاتوو روونە و هەوڵی وشككردنی هێز و دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەكە دەدات، رێگری لە باڵە سیاسی و سەربازییەكانی دەكات بۆ دووبارە رووچوونەوەی بۆ ناوخۆی عێراق، ئاماژەی كرد كە واشنتن دەیەوێ ژینگەیەكی نوێی سیاسی دوور لە میلیشیاكان دروست بكات، بۆیەش هیچ هەڵوێستێكی نەرێنی بەرانبەر بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن نەبوو و چاوەڕوانی شێوەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و ئاستی پابەندبوونیەتی بەو دیدەوە.

زیاتر گوتی، مارك ساڤایا نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا نەهاتووەتە بەغدا بۆ نیوەچارەسەری، بەڵكو نووسراوێكی دیاریكراوی پێیە و خستوویەتییە بەردەم هێزە سیاسییە عێراقییەكان، قبووڵكردنی مەرجی ئەمەریكا یان رووبەڕووبوونەوەی دابڕانێكی نێودەوڵەتی، پاڵپشتیكردنی ساڤایاش بۆ ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەمەریكا چاودێریی دۆخەكە لە نزیكەوە دەكات، ئەگەر مەرجەكانی پشتگوێ بخرێن، ئەگەری هەیە بەرەو بژارەی كشاندنەوەی دداننان بە شەرعیەتی پەرلەمانی نوێ بچێت، بەتایبەتی كە 100 ئەندامی سەر بە میلیشیاكانی لەخۆ گرتووە و لە لایەن رۆژنامەكانی ئەمەریكا باس كراوە.

شمەری دووپاتی كردەوە كە تا ئێستە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دەستی بە دیدی گرتووە بەوەی عێراق ببێتە بەشێكی سەرەكی لە پڕۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، كە ئەوەش لە پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ لەبەرچاو دەگیرێت، ئێرانیش بەو گۆڕانكارییانە دەزانێت، بۆیە بەرەو شێوەیەك دەچێت كە هاوسەنگی لە دەسەڵات و سازانی دژبەیەكەكانی تیادا بێت و رەچاو بكات، چونكە دەزانێت واشنتن بەرەو داڕشتنەوەی ناوچەكە هەنگاو دەنێت و ترەمپ رێگە نادات لەو ساڵانەی لە دەسەڵات ماوە پلانەكەی پێشێل بكرێت، ئەوەش مانای ئەوەیە پێویستە عێراق رێگەی خۆی لەناو ئەو هاوكێشە ئاڵۆزەدا بكاتەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *