شرۆڤەكارێك: گفتوگۆ لە نێوان واشنتن و هێزە سیاسییەكان لەبارەی حكوومەتی نوێ هەیە

بینەر: (1.0K)

بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو و هاوكات لەگەڵ گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق و دیاریكردنی سەرۆكایەتییەكان، مارك ساڤایا نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا سەردانی عێراق بكات، ئەو بەر لە هاتنی لە تویتێك سەرنجی خستە سەر چەند خاڵێك و هێزە سیاسییەكانی عێراقی لێ ئاگەدار كردەوە، شرۆڤەكارێك پێی وایە ئەمەریكا مەرجی بۆ پێكهێنانی هەیە.

نزار حەیدەر شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، گفتوگۆیەكی رانەگەیەنراو لەنێوان واشنتن و هێزە سیاسییە سەرەكییەكان لە پێكهاتە جیاجیاكانی عێراق هەیە، واتە سوننە و شیعە و كورد، لەبارەی شێوەی حكوومەتی نوێی عێراق، چونكە ئەمەریكا راستە چاوپۆشی لە ئەنجامی هەڵبژاردن كرد و هەڵوێستی نەرێنی بەرانبەر نەبوو، ئەوەش بەرانبەر مەرجێكی ئاشكرا كە پێكهێنانی حكوومەتی نوێیە دوور لە میلیشیاكان و ئەو هێزانەی باڵی سەربازییان هەیە.

زیاتر گوتی، ئەمەریكا هەندێك مەرجی هەیە كە مایەی گفتوگۆكردن نین، دیارترینیان نابێت سەرۆكی حكوومەت و وەزیرە نوێیەكان سەر بە ئێران بن، لەگەڵ دوورخستنەوەی سەركردە تەناهی و بەڕێوەبەرانی گشتی سەر بەو لایەنانە، بۆیە پێشبینی دەكرێت هێزە سیاسییەكان لە بەغدا درك بە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بكەن ئەوەی بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ دەناسرێت و واشنتن هەوڵی بۆ دەدات و دەیەوێ عێراقیش بەشێك بێت لەو پلانە، بۆیە گفتوگۆ ناوخۆییەكان لە عێراق بەو ئاراستەیەن.

حەیدەر پێی وایە كە ئەمەریكا وای دەبینێت پابەندبوونی عێراق بەو مەرجە پێویستە بۆ دیاریكردنی پێگەی لە هاوكێشەی داهاتووی ناوچەكە، ئەگەر ئەوەش نەكرا، واشنتن وەك بەشێك لە دۆسیەی ئێرانی مامەڵەی لەگەڵ دەكات، واتە عێراق بە هاوشێوەی ئێران دووچاری سزای دارایی و ئابووری و گوشاری سیاسی دەبێتەوە.

ئەو شرۆڤەكارە سیاسییە ئاماژە دەكات كە لەوە خراپتر ئەوەیە واشنتن لە رووی تەناهییەوە دەست لە عێراق هەڵبگرێت، دوای ئەوەی پارساڵ بەپێی رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیجی پابەندی پاراستنی بوو و لە هێرشەكانی ئیسرائیل پاراستی، بۆیە هێزە سیاسییەكانی عێراق بە رژدی ئەو سیناریۆیە تاوتوێ دەكەن، بەتایبەتی لە سایەی پەرەسەندنی ململانێی نێوان هێزەكان و سەردانی مالیكی بۆ هەولێر.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *