شرۆڤه‌كارێك: ئه‌مه‌ریكا به‌ ڤه‌نزوێلا په‌یامى به‌ ئێران داوه‌ به‌ڵام سیناریۆكه‌ جیاواز ده‌بێت

بینەر: (1.1K)

سه‌یف ره‌عد شرۆڤه‌كارى ته‌ناهى و سه‌ربازى له‌ عێراق، له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ریكا به‌ رووداوه‌كه‌ى ڤه‌نزوێلا په‌یامى به‌ ئێران داوه‌، كرده‌یه‌كى سه‌ربازى له‌ناو ئێران ئه‌نجام ده‌دات، به‌ڵام به‌ سیناریۆیه‌كى جیاواز. ره‌عد هۆشداریش به‌ عێراق ده‌دات له‌وه‌ى ده‌بێت له‌و پێشهاتانه‌ وریا بێت.

ئه‌مڕۆ دووشه‌م پێنجى كانوونى دووه‌م، سه‌یف ره‌عد شرۆڤه‌كارى ته‌ناهى و سه‌ربازى له‌ لێدوانێكى بۆ كه‌ناڵى (ده‌وله‌) باس له‌وه‌ ده‌كات، گرتنى مادورۆ سه‌رۆكى ڤه‌نزویلا له‌ ناو ماڵه‌كه‌ى خۆى له‌لایه‌ن هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكاوه‌، په‌یامێكه‌ بۆ ئێران، به‌ڵام سیناریۆكه‌ى جیاواز ده‌بێت. سه‌یف ره‌عد ده‌ڵێ، “په‌یامه‌كه‌ بۆ ئێران روونه‌، ته‌نانه‌ت وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌مه‌ریكا له‌ كاتى ئۆپراسیۆنه‌كه‌ گوتى، ده‌رفه‌تمان به‌ مادورۆ داوه‌ وه‌ك چۆن پێشتر ده‌رفه‌تمان به‌ ئێران داوه‌”.

ئه‌و شرۆڤه‌كاره‌ دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ له‌ناو ئێران ئه‌مه‌ریكا ئۆپراسیۆن ئه‌نجام بدات، به‌ هه‌مان ئاراسته‌، به‌ڵام سیناریۆكه‌ جیاواز ده‌بێت. هۆشداریش به‌ حكوومه‌تى عێراق ده‌دات له‌وه‌ى بتوانێ سه‌روه‌ریى خۆى له‌ چوار بنه‌ماوه‌ بپارێزێت، نه‌ك سێ بنه‌ما ئه‌وانیش: ده‌ریا، ئاسمان، وشكانى، به‌ڵام ئێسته‌ ده‌بێت چواره‌میش زیاد بكات، ئه‌ویش پاراستنى بوارى ئه‌لیكترۆنییه‌، چونكه‌ به‌ بڕواى ئه‌و ئێران و ڤه‌نزوێلا له‌ رێگه‌ى هاككردنى ئه‌لیكترۆنى شكستیان هێناوه‌.

له‌ رۆژى هه‌ینى رابردووه‌وه‌ ئه‌مه‌ریكا چه‌ندان په‌یامى هۆشداریى به‌ ئێران داوه‌، له‌ ئێرانیش مه‌ترسى له‌ ئارایه‌ ئه‌مه‌ریكا وه‌ك حوزه‌یرانى ساڵى رابردوو زه‌برێك له‌ ئێران بدات.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *