شارەزایان پێیان وایە ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێت دوو دیوی سەرەكی هەیە، رەنگە خەڵكەكە وا بزانێت هێزە سیاسییەكان، بەتایبەتی شیعە، خەریكی مشتومڕی پێكهێنانی حكوومەتن و تەنیا ناكۆكییەكانیان بەربەستن، بەڵام ئەوان باسی دیوێكی تر دەكەن كە شیعە حیساباتەكانیان تیایدا تێك ناكاتەوە، ئەویش هەژموون و هەڕەشەكانی ئەمەریكا، بۆیە شارەزایان دەڵێن قۆناغی داهاتوو لە عێراق تەواو ئەمەریكی دەبێت.
لە دوای هێرشی چەند رۆژی رابردووی درۆنی بۆ سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ، ئەمەریكا بەتوندی سەركۆنەی هێرشەكەی كرد و لە رێگەی تویتێكی مارك ساڤایا نێردراوی تایبەتی پەیامێكی توندی بۆ عێراقییەكان و شیعە رەوانە كرد سەبارت بە میلیشیاكانەوە، عەلی ناسر توێژەری سیاسی دەڵێت، نێردراوی ئەمەریكا لە ئاستێكی بەرزی داواكارییەكان جموجۆڵ دەكات، بەو پێیەی دووەم ویلایەتی ترەمپ هەوڵدانە بۆ بەدەستهێنانی زیاترین دەستكەوت.
روونی كردەوە، پێكهاتەی حكوومەتی داهاتووی عێراق شێوەی پێوەندییەكان لەگەڵ ئەمەریكا دیاری دەكات، بۆیە ئەگەر گۆڕانكاری ناوخۆیی دروست ببێت، رەنگە سیاسەتێكی جیاوازی ئەمەریكا ببینین، بۆ قۆناغی داهاتوو وەبەرهێنانەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەبنە دۆسیەی هەستیار، بەتایبەتی لە دوای بۆردمانی كۆرمۆر و نادیار مانەوەی لایەنی ئەنجامدەر.
لای خۆیەوە غالب دەعمی مامۆستای زانكۆ پێی وایە قۆناغی داهاتوو لە عێراق تەواو ئەمەریكی دەبێت، بە دووری زانی هیچ هێزێكی تر بتوانێت ركابەریی هێزی ئەمەریكا لە عێراق بكات چ لە رووسی سیاسییەوە یان تەناهی، بۆیە هەموو ئەو هێزانەی پێوەندیی بەهێزیان لەگەڵ تاران هەیە خۆیان لەبەردەم دۆخێكی نوێدا دەبیننەوە، پەیامەكانی دوایی نێردراوی تایبەتی ئەمەریكاش ئاماژەی روونیا هەبوو بە گۆڕانی هەڵسوكەوتی ئەمەریكا بۆ قۆناغی گوشاری راستەوخۆ و چڕ.
















Leave a Reply