دوای رفاندنی مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێلا و هاوسەرەكەی لەلایەن ئەمەریكاوە، دادگای باڵای ئەو وڵاتە بڕیاری دا دیلسی رۆدریگیز جێگرەكەی مادۆرۆ، وەك سەرۆكی كاتی وڵاتەكە بەڕێوە ببات، ئەویش لە كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ حكوومەتەكەی وەك پەیامێك بۆ ئەمەریكا رای گەیاند، ڤەنزوێلا ئاشتیی دەوێ نەك جەنگ.
پێگەی “شەفەق نیوز” ئەمڕۆ دووشەم پێنجی كانوونی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی حكوومەتەكەی، سەرۆكی كاتیی ڤەنزوێلا رای گەیاند، داوا لە ئەمەریكا دەكەین پێكەوە كار بكەین بۆ گەشەپێدانی هاوبەش، ئەویش لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەكان لە پێناو ژیانێكی پڕ ئاشتیی بەردەوام.
ئەوەشی گوت كە ئەو دەیەوێ پێوەندییەكی نێودەوڵەتیی هاوسەنگی لەگەڵ ئەمەریكا هەبێت بەپێی رێزگرتن لە نێوان هەردوو وڵات، بێگومان ڤەنزوێلا پێویستیی بە ئاشتی و گفتوگۆ لە ناوچەكەدا هەیە، نەك هەڵگیرسانی جەنگ. گوتی ئەوەی دەیڵێم پرەنسیپە و بڕوام پێیەتی و هەموو ژیانی خۆم كردووەتە قوربانی ڤەنزوێلا، خەونم ئەوەیە وڵاتەكەمان بەهێز بێت.
دیلسی رۆدریگیز دووپاتی كردەوە كە گەلەكەیان و ناوچەكە شایانی ئەوەن لە ئاشتیدا بژین، نەك بكەونە ناو جەنگ، بۆیە دەستی ئاشتی بۆ ئەمەریكا درێژ دەكەن.
هەر ئەمڕۆیش دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، هەڕەشەی لە ڤەنزوێلا كرد و گوتی ئەگەر بەباشی هەڵسوكەوت نەكەن، دیسان لێیان دەدەینەوە. پێشتریش ترەمپ هەڕەشەی لە دیلسی رۆدریگیز كرد و گوتی ئەگەر بەباشی هەڵسوكەوت نەكات، چارەنووسی لە مادۆرۆ خراپتر دەبێت.















Leave a Reply