لەگەڵ هەر رووداوێكی گرنگ لە عێراق بەرپرسانی ئێران و بەرەی موقاوەمەت دەگەنە بەغدا و چاویان بە بەرپرسانی سیاسی و میلیشیاكان دەكەوێت، چەند سەعاتێكە لە سۆشیال میدیای عێراق باسی هاتنی محەمەد كەوسەرانی سەركردە لە حزبوڵای لبنان بۆ بەغدا و دیداری لەگەڵ چەندان كەسایەتی باڵای سیاسی دەكرێت.
لەگەڵ باسكردنی هاتنی كەوسەرانی، باسی ئەوەش كراوە كە ئەو چەند پەیامێكی گرنگی پێوەندیداری بە چەند دۆسیەیەكی هەستیار لە عێراق پێیە، سادق عەبدوڵا شارەزای تەناهی دەڵێت، سەرەتا هیچ ڤیتۆیەكی فەرمی لەسەر بوونی كەوسەرانی لە عێراق نییە، بەڵام لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو رۆڵی ئەو لاواز بووە و ئەگەر بێتیش، ئەو كاریگەرییەی نییە كە پێشتر هەیبووە.
روونی كردەوە، لە دوای 2014، كەوسەرانی یەكێك بوو لە چالاكترین كەسایەتییەكان لەسەر گۆڕەپانی عێراقی، بەتایبەتی لە ساڵانی رووبەڕووبوونەوەی داعش، رۆڵێكی گەورەی لە هاوئاهەنگی لە نێوان حزبوڵای لبنانی و میلیشیا عێراقییەكان هەبوو، لەوانە لە گواستنەوەی شارەزایی، بەڵام لە دوای 2023 ئەو رۆڵەی وەك پێشوو نەما و رووداوەكانی تۆفانی ئەقسا و كوشتنی حەسەن نەسروڵا، پرسەكانی ناو حزبەكەیان رێك خستەوە و كۆتی توندی خستە سەر كادرەكانی.














Leave a Reply