لەوكاتەی هێشتا ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق لە لایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە پەسەند نەكراوە، هەوڵ و گفتوگۆكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بەردەوامە، بۆ ئەوە پێویستە رەزامەندیی ناوخۆیی و دەرەكی بەدەست بێنن، رەوتی نیشتمانیی شیعە رەتی كردەوە كە لێگەیشتنی ژێربەژێریان لەوبارەوە هەبێت.
سەركردەیەكی رەوتی نیشتمانیی شیعە بە سەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر گوتی، بەهیچ شێوەیەك سەدر و رەوتەكەی دەست ناخەنە ناو پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و هەڵوێستی سەدر لە دوای وازهێنان لە كاری سیاسی و بەشدارینەكردنی لە هیچ رێككارێكی حكوومەتی، تا ئێستەش روون و جێگیرە، ئەو بەتەواوەتی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ هەموو كەناڵەكانی گفتوگۆی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان داخستووە.
ئەو سەركردەی سەدر ئاماژەی كرد، بۆیە هەموو ئەوڵەكانی رابردوو بۆ گەیاندنی پەیام بۆ رەوتەكە شكستی هێنا و هیچ وەڵامدانەوەیەكی لە لایەن رەوتەكە و سەركردەكەی نەبوو، بۆیە بڕیاری سەدر روونە و پێویست بە لێكدانەوە ناكات، بریتییە لە نەچوونە ناو هیچ گفتوگۆیەك تایبەت بە پێكهێنانی حكوومەت یان پاڵپشتیكردنی هیچ لایەنێكی سیاسی، بۆیە هەڵوێستی سەدر جێگیرە و پشت بە دیدێكی چاكسانە دەبەستێت كە نابێت رەوتەكە لە سایەی ئەو دۆخەی هەیە بوونی هەبێت.
ئەو سەركردە سەدرییە دووپاتی كردەوە كە هەندێك لایەنی سیاسی هەن هەوڵی بڵاوكردنەوەی زانیاریی ناڕاسات لەبارەی بوونی لێكگەیشتن لەپشت پەردە دەدەن، ئەوانەش راست نین، بۆیە رەوتی سەدر پابەندە بە بڕیاری بەشدارینەكردن یان دروست نەكردنی كاریگەری لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.















Leave a Reply