سبەی وەڵامی تەواوی تانەكانی هەڵبژاردن دەدرێتەوە

بینەر: (1.2K)

دوای ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی رابردوو هاتە سازكردن و ئەنجامی كۆتایی هاتە راگەیاندن، دەست كرا بە وەرگرتنی تانەكان و 872 تانە تۆمار كران، كۆمسیۆن تانەكانی بۆ دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن رەوانە كرد، بڕیارە ئەویش سبەی یەكشەم وەڵامی خۆی لەسەر دوایین تانە بداتەوە كە بۆی رەوانە كراوە.

حەسەن زایەر ئەندامی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان رای گەیاند كە دەستەی دادوەری زۆرینەی تانەكانی بەكلا كردووەتەوە، لە كۆی 872 تانە، 800یانی یەكلا كردووەتەوە و 72 تانە ماون و بڕیارە سبەی یەكشەم ئەوانیش یەكلا بكاتەوە

روونی كردەوە، زۆرینەی تانەكان بەهۆی ناتەواوی بەڵگە رەت كراونەتەوە، خۆی ژمارەی تانەكانی بە بەراورد بە قەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنەكە كەم بوو، 872 تانە لە 55 هەزار وێستگەی دەنگدان، هەروەها ژمارەی سكاڵاكانیش كەم بوو، ئەوەش بەرجەستەی باسی كار و توانای بەڕێوەبردنی پرۆسەكە دەردەخات.

لای خۆیەوە سەعد راوی شارەزای بواری هەڵبژاردن گوتی، كۆمسیۆن پابەند بوو بە وادەی دیاریكراو بۆ یەكلاكردنەوەی تانەكان، كاتێك یاسا سێ رۆژی بە حزب و كاندیدان بەخشی بۆ پێشكەشكردنی ناڕەزایەتییەكانیان لە دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان، سبەی یەكشەمیش تەواوی وەڵامی سكاڵا تۆماركراوەكان دەدرێتەوە، لە دوای یەكلاكردنەوەی 800 تانە.

روونی كردەوە، پاكوبێگەردیی هەڵبژاردن تەنیا بە ژمارەی تانەكان پێوانە ناكرێت، بەڵكو بە تەواوی رێوشوێنە یاسایی و ئیدارییەكان، هەندێك پێشێلكاری لە بانگەشەی هەڵبژاردن هەبوو، بەتایبەتی لە خەرجیی رێكلامەكان كە گەیشتە چەندان ملیار دینار.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *