سبەی عێراقییەكان بڕیار دەدەن و ئەمەریكا لەسەر هێڵە و ئێرانیش فشار دەكات

👁️بینەر: (2)

سبەی هەڵبژاردنی گشتی لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت، هەڵبژاردنێك ئەمەریكا چاوی لەوەیە عێراق لە باوەشی ئێران دەربێنێت و ئێرانیش هەموو هێزی خۆی بەكار دێنێت تا عێراقی لە دەست نەچێت.

بەبڕوای شارەزایان، ئەم هەڵبژاردنە گرنگییەكی زۆری هەیە و ئەمەریكا بەرژدی كار بۆ ئەوە دەكات، میلیشیا و هێزەكانی سەربە ئێران دوور بخاتەوە و چیتر دەرفەتی بەشدارییان لە هەڵبژاردن نەمێنێت، ئەگەریش بەناوی جودا چوونە ناو پرۆسەكە وەك وەزیری دەرەوەی عێراق باسی كردووە، رێگەیان پێ نادرێت بەشداریی حكوومەتی داهاتووی عێراق بكەن، سەرۆك وەزیرانێكی سەربە ئێران دابنێن.

لە هەڵبژاردنەكەدا ڕكابەریی نێوان كورد، شیعە و سوننە وەك سێ پێكهاتە هەرە دیارەكانی ناو عێراق دەبینرێت، گرووپە شیعەكان پشت بە زۆرینەی دانیشتووان دەبەستن و دەیانەوێت وەك هەمیشە رۆڵی یەكلاكەرەوە لە حكوومەتی رۆژانی دواتردا ببینن و بەرژەوەندیی مەزەوی خۆیان و ئێرانیش بپارێزن.

هاوكات سوننەكان ئەگەرچی دابەش بوون، بەڵام هێزە گەورەكانیان جگە لە حەلبووسی، بە دوای یەكڕیزیدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی كاریگەرییان لە سیاسەتی ناو عێراق بەدەست بهێننەوە.

كوردیش ئامانجی ئەوەیە هەرێمی كوردستان بپارێزێت و كەركووك و ناوچەی جێناكۆك كە لە چوارچێوەی مادەی 140 ناو دەهێنرێت، بگەڕێنێتەوە ژێر ئیدارەی خۆی، هاوكات هەم كاریگەرییە سیاسییەكانی بپارێزێت، هەمیش دەستكەوتە ئیداری و ئابوورییەكانی بەرفراوان بكات، بۆ ئەمەش مەرجی یەكڕیزی پێویستە ئەگەر یەكێتیی نیشتمانی لێ بگەرێت و بتوانێت لە دەرەوەی ئێران و لایەنە شیعییەكان، بڕیار لە بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان بدات.

ئێران لە هەوڵی چڕدایە هەموو ئەو هێز و گرووپانەی نزیكن لە خۆیەوە، لەم هەڵبژاردنە دەنگی زۆر بێنن و كاریگەریان لەسەر نەخشەی داهاتووی حكوومەتی عێراق قورس بێت، بەڵام لە بەرانبەردا ئەمەریكا فشارەكانی رژد كردووە و نوێنەرەكەی سەرۆك ترەمپ، بەردەوام لەسەر هێڵە كە چیتر گرووپەكانی سەربە ئێران، كاریگەرییان لە داهاتووی عێراقدا نەمێنێت.

ئەگەرچی ئومێدێكی زۆر لەسەر هەڵبژاردنی سبەی سێشەم 11ی تشرینی دووەم هەڵچنراوە، بەڵام هەر لە ئێستەوە سیاسییە شیعەكان ئاماژە دەنێرن كە ژمارەی كورسیی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو بەدەست نایەنێت، بەڵكو ئەوە هێزە گەورەكانی شیعەن بڕیار لەو پۆستە دەدەن.

سیناریۆكانی دوای سندووقەكان و كاریگەریی لەسەر پێكهێنانی حكوومەت:

سیروان عوبێد كە شرۆڤەكارێكی سیاسی و چاودێری هەڵبژاردنەكانی لەمبارەیەوە نووسیویەتی، ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمجارە، تەنیا بریتی نابێت لە ڕێژەی دەنگ و كورسیی لایەنەكان، بەڵكو پێوەستە بەو ئەنجامەشی كە ئەمەریكا لە عێراق دەیەوێت، یان چاوەڕێی دەكات. ڕوونتر بڵێم، ئەنجامی هەڵبژاردنەكە دەوەستێتەوە سەر ڕێژەی كورسییەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعی كە فراكسیۆنە سەرەكییەكانی نزیك لە ئێران لەخۆ دەگرێت.

بەبڕوای سیروان ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمجارە بە دڵی ئەمەریكا نەبێت، واتە: لایەنە سیاسییەكانی حەشدی شەعبی وەك بەرەی “مقاومە” پێگەیان لە پەرلەمان و حكوومەت بەهێزتر بێت، یان تەنانەت ئەگەر بتوانن هەژموون و كورسییەكانی ئێستەشیان بپارێزن. یاخۆ ئەگەر لە حكوومەتی داهاتوودا كەسایەتییە نزیكەكانی ناو ئەو گرووپانە كە ئەمەریكا بە پڕۆكسی ئێرانی دەیانناسێت، پۆستی كاریگەر و سەرەكی وەربگرن، ئەمەریكا كە هەڕەشەكانی زۆر رژدە و لە ئەگەری ڕوودانی یەكێك یان دووان لەم سیناریۆیانەدا، كاردانەوەیەكی توندی دەبێت بەرانبەر گرووپەكان، پێدەچێت عێراقیش بخاتە ناو قەیرانێكی قووڵی دیپلۆماسی و ئابووری و تەنانەت سەربازیشەوە.

كاردانەوەكانی ئەمەریكا بەبڕوای ئەو شارەزایە، گۆشەگیركردنی دیپلۆماسی و ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكان: ڕەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن یان كۆی پرۆسەكە بە بیانووی بەڕێوەچوونی نادیموكراسیبوونی پرۆسەكە، بیانووی دەستوەردانی ئێران و زۆر شتی تر… بە ئامانجی ئەوەی حكوومەتی داهاتوو لەڕووی دیپلۆماسییەوە گۆشەگیر و ئیفلیج بێت.

تەنانەت هەرچەندەش ئەمە وەك ڕاستەوخۆ دەستوەردان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی وڵاتێكی تر لێكبدرێتەوە، بەڵام لە ڕوانگەی تڕەمپەوە دەكرێ هەڵوێستێكی لەو جۆرە ئاسایی و یاسایی بێت، ڕەنگە دۆناڵد تڕەمپ لێرەدا پاساوی ئەوە بهێنێتەوە: “مادام ئێران بۆی هەبێت دەستوەردان بكات و هەژموونی خۆی بەسەر عێراقدا بسپێنێت، بۆچی ئەمەریكا ئەوە نەكات كە پارەیەكی زۆری لە عێراقدا خەرج كردووە.”

لە كاتێكدا واشنتن پێشتر دژایەتیی خۆی نەشاردووەتەوە لە بەرانبەر ئەگەری زیادبوونی كاریگەریی گرووپەكان، یان مانەوەی كاریگەرییان لە دوای ئەم هەڵبژاردنەشدا. بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆش هەڕەشەی ئەوەی كردووە كە ئاستی دانوستان و پێوەندییەكان لەگەڵ حكوومەتی نوێ دادەبەزێنێت، ئەگەر حكوومەتی داهاتوو ملكەچی بەرژەوەندییەكانی تاران بێت. ئەمەش وادەكات پێوەندییەكانی عێراق و ئەمەریكا و ڕۆژئاوا، بەرەو خراپی ببات و دوور نییە عێراق لە دوای ڕژێمەكەی سەدامەوە، جارێكی تر دووچاری گۆشەگیری ببێتەوە.

هەڵبژاردنەكە سبەی بۆ خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، كە تێیدا 21.4 ملیۆن كەس لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەتوانن دەنگ بدەن و كارتی بایۆمەتریان وەرگرتووەتەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *