رێكخراوی ژنانی حووسییەكان “زەینەبییەكان” ژیانی لە ژنە یەمەنییەكان تێكداوە

بینەر: (918)

تۆڕی یەمەن بۆ ماف و ئازارییەكان، دیكیۆمێنتێكی بڵاو كردووەتەوە كە تێیدا رێكخراوێكی تایبەت بە ژنانی حووسییەكان، پێشێلی مافی زیاتر لە هەزار و 600 ژنییەمەنییەكانی كردووە. ئەو رێكخراوە بە ناوی “كەتیبەكانی زەینەبییەكان” ناو دەبرێت و چالاكییەكان گەیشتووەتە ئاستێك، ژیانی لە ژنە یەمەنییەكان تێكداوە.

پێگەی “عەرەبیە” ئەمڕۆ شەموو 29ی تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی ئەو دیكیۆمێنتەی تۆڕی یەمەن بۆ ماف و ئازادییەكان بڵاوی كردووەتەوە، “كەتیبەكانی زەینەبییەكان” كە رێكخراوێكی تایبەت بە ژنانی سەربە حووسییەكانی یەمەنە، لە ساڵی 2021 تا 2025، پێشێلی مافی هەزار و 654 ژنی یەمەنی كردووە، ئەوەیش بە كوشتن و رفاندن و گرتن و ئەشكەنجە و سیخوڕی بەسەریانەوە.

راپۆرتی تۆڕەكە زیاتری روونی كردووەتەوە، بەبۆنەی رۆژی جیهانیی هەستانەوە لە دژی دەستدرێژیی بۆ سەر ژنان، ئەو دیكیۆمێنتەی بڵاو كردووەتەوە كە تێیدا ئاشكرا كراوە ئەو رێكخراوە لە پشتی كوشتن و رفاندن و ئەشكەنجە و سیخوڕیكردن بەسەر ژنە یەمەنییەكان بووە، هاوكات رۆڵی هەبووە لە هێنانی هەزاران كچانی منداڵ كە تەمەنیان نەگەیشتووەتە 18 ساڵ، بەمەبەستی ئەوەی لە ریزەكانی خۆیان راهێنانیان پێ بكەن.

لەبارەی پێشێلكردنی مافی ژنە یەمەنییەكان لەلایەن ئەو رێكخراوە ئاماژە بەوە دراوە، لە سەرەتای 2021وە تا ئێستەی 2025، كەتیبەكانی زەینەبییەكان رۆڵی هەبووە لە گرتن و ئەشكەنجە و ئاسانكاری بۆ دەستدرێژیی سەر ژنانی یەمەن لە دەزگە نهێنییەكان، هاوكات بوونەتە هۆی كوشتنی 10 ئافرەت و برینداركردنی 42 ئافرەتی تر و گرتن و رفاندنی 571 ئافرەتی یەمەنی. هەروەها رۆڵیان هەبووە لە ئەشكەنجەی دەروونیی 62 گیراو لە گرتووخانەكانی یەمەن.

باس لەوەش كراوە كە زەینەبییەكانی حووسییەكان، چوار ئافرەتی یەمەنییەكان هێناوەتەوە ریزەكانیان بەمەبەستی راهێنان لەسەر شەڕ و كوشتار و دواتر دابەشكردنیان لەسەر خاڵەكانی پشكنین، زۆربەی ئەو ئافرەتانەیش لە كچانی قوتابخانە و زانكۆكانن، ئەوانەیش لە سەنعا و لبنان و ئێران راهێنانیان پێ دەكرێ، ئەویش لەسەر دەستی پسپۆرانی بواری سەربازی حزبوڵا و سوپای پاسدارانی ئێرانی.

دواتریش باس لەوە كراوە كە زەینەبییەكان كاتێك دامەزرا، مەبەست لێی جێبەجێكردنی گرتنی چالاكان و رێگرتن لە خۆپێشاندان و سیخوڕی لەسەر ژنانی یەمەنی، بەتایبەتی ئەوانەی رەخنەیان لەسەر حووسییەكان هەیە، دواتر دەیانڕفێنرێ و ئەشكەنجەیان دەدات.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *