راپۆرتێك: كورد و پارتی دەبنە پارسەنگی هاوسەنگیی هێز لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ

👁️بینەر: (28)

هەفتەی رابردوو هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو و ئەنجامە سەرەتاییەكان راگەندران، دەركەوت كە كێبەركێیەكی سەخت لە ناو ماڵەكانی شیعە و سوننەدا هەیە، هاوكات كورد توانیویەتی پێگەی خۆی لە ناو پەرلەمانی عێراق بپارێزێت و ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن جارێكی تر كورد دەبێتەوە پارسەنگی هاوسەنگی لە هاوكێشەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق.

بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەكانی هەڵبژاردنەكە پارتی دیموكراتی كوردستان پێگەی خۆی وەك بەهێزترین هێز لە هەرێمی كوردستان بە بەدەستهێنانی نزیكەی 30 كورسیی پەرلەمانی چەسپاند، بوونێكی بەهێزی لە دهۆك و نەینەوا هەیە، جیا لە بوونێكی باش لە سلێمانی و هەڵەبجە، هەرچی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە بە بەدەستهێنانی 18 كورسی بووە دووەم هێز لەسەر ئاستی هەرێم.

چاودێران پێیان وایە پارتی بە قورساییەكی گەورەتری سیاسی بە بەراورد بە خولەكانی پێشوو بەرەو بەركەوتەكانی هەڵبژاردن دەچێت، لە لایەن دەنگدەرێكی زۆر و ئەنجامی باش لە چەند ناوچەیەكی هەستیارەوە پاڵپشتی دەكرێت، ئەوانەش بوارێكی باش بە سەركردایەتیی پارتەكە دەبەخشتن لە گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، بەتایبەتی لە پرسەكانی بودجەی هەرێم و یاسای نەوت و غاز و مافە دەستوورییەكانی پێوەست بە مووچە و نەوت و دەروازە سنوورییەكان لەگەڵ بەغدا.

هەڤاڵ مەریوان توێژەری سیاسی دەڵێت، ئەنجامی دەنگدانی دوایی دەری خست كە پارتی لە تەنیا بارستەیەكی گەورە لە هەرێم بووەتە یاریكارێكی كاریگەر لەسەر هاوسەنگییەكانی ناو پەرلەمانی عێراق، ئەوەش دوای سەلماندنی بوونی خۆی لە شارە گەورەكان و كورسی زیاتری كۆتاكانی مسۆگەر كرد، ئەو زیادبوونەی هێز و دەسەڵاتەشی توانای حزبەكە بۆ سەپاندنی مەرجەكانی لە گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا زیاتر دەكات و بوارێكی فرەوانتری بۆ دەرەخسێت بۆ داڕشتنی لێكگەیشتن لەبارەی حكوومەتی نوێی عێراق، لەوكاتەی لایەنە عێراقییەكان بە دوای لایەنێك دەگەڕێن كە لە رووی رێكخستن و سیاسییەوە سەقامگیر بێت و بتوانن پشتی پێ ببەستن.

شارەزایان پێیان وایە هێزە شیعە و سوننەكان ناتوانن حكوومەتێكی سەقامگیری نوێ بێ هاوبەشیی كورد پێك بێنن، ئەوەش كار لە مەرج و داواكارییەكانی كورد دەكات، بەتایبەتی كە چەندان دۆسیەی كەڵەكەبوو لە نێوانیان هەیە، پێوەست بە نەوت و غاز و بودجە و ناوچە كێشەلەسەرەكان.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *