دەوڵەت باخچەلی: پێشهاتی گرنگ ڕوو دەدەن و ئێمەش ناچارین خۆمان لەگەڵ گۆڕانكارییەكان بگونجێنین

بینەر: (1.2K)

سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا دەوڵەت باخچەلی ڕای گەیاند، پێشهاتی گرنگ لە توركیا ڕوو دەدەن و ئێمەش ناچارین خۆمان لەگەڵ گۆڕانكاریەكان بگونجێنین. گوتیشی گرنگترین كەسیش بۆ ئەو گۆڕانكارییە ئۆجەلانە.

دەوڵەت باخچەلی ئەمڕۆ سێشەم 25ی تشرینی دووەم، لە گوتارێكیدا لە بەردەم فراكسیۆنی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا، لەبارەی ڕووداوەكانی ناوخۆی وڵاتەكەی ڕای گەیاند، كۆبوونەوەی لیژنەی پەرلەمانی توركیا لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی، پێشهاتێكی مێژووییە، ئۆجەلانیش دەوری گرنگ لەم پرۆسەیەدا دەگێڕێت.

باخچەلی ئاماژەی بەوە دا، كاتێك دەرگا كرایەوە ئەو یەكەمین كەس بوو پەیامێكی مێژووی خۆی دا و هەموو شتێكی بۆ هەمووان روون كردەوە.

ئەم قسانەی باخچەلی لە كاتێكدابوو بەدرێژایی ئەو ساڵانەی ئۆجەلان لە گرتووخانە بووە، داوای لەسێدارەدانی كردووە و هەمیشە وەك سەركردەی تیرۆر ناوی بردووە.

سەرۆكی مەهەپە گوتی، دنیا گۆڕانكاریی خێرای بەسەردا دێت و ناوچەكەش لە هەموو دنیا زیاتر دەگۆڕێت، “توركیا ناتوانێت ڕێڕەوی سەدەی نوێ دابڕێژێت بە كشانەوە بۆ ناو خۆی و خۆشاردنەوە لە توێكڵەكەیدا و لە كورسییەوە سەیری پێشهاتە جیهانی و ناوچەییەكان بكات”.

دەوڵەت باخچەلی ئەوەشی گوت، بڕیاری زۆرینەی شایستەی كۆمسیۆنی هاوپشتی نیشتمانی، برایەتی و دیموكراسی بۆ چوون بۆ ئیمراڵی، كە هەریەكەیان پەرلەمانتارێك لە مەهەپە و ئاكەپە و دەم پارتی، بڕیارێكی مێژووییە”.

باخچەلی لە درێژەی قسەكانیدا گوتی، “خەباتی ئێمە خەباتێكی گەورەیە بۆ یەكڕیزی و یەكگرتوویی، سەنتەری نەتەوەكەمانە، خەباتێكی گەورەیە بۆ باوەشكردن و یەكگرتن، سەنتەری نیشتمانمانە، لەم چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ زیاتر لە جاران ڕۆژی یەكگرتوویی و یەكڕیزییە، بێگومان لە ژیانی ڕۆژانەماندا ڕەنگە جیاوازیمان هەبێت لە بۆچوونەكان، وەك پەنجەی دەستێك، كاتێك باس لە خۆشگوزەرانی وڵاتەكەمان دەكرێت، كاتێك باس لە توركیا دەكرێت، دەبێت هەموو دووبەرەكییەكان بخەینە لایەك و یەكگرتوویی بكەین كورد و تورك یەك دەنگ دەبین، یەك هەناسە دەبین”.

نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمانی توركیا دوێنێ بڵاوی كردەوە، بۆ یەكەمجار شاندێكی لیژنەی تایبەت بە داماڵینی چەكی پەكەكە لە پەرلەمانی توركیا سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری گیراوی پەكەكەی لە گرتووخانەی دوورگەی ئیمراڵی كرد.

گەشبینیی نەتەوەپەرستەكانی وەك باخچەلی گومانی زۆر لەسەر پرۆسەكە دەكات، هەندێك نووسەری دیاری كوردیش پێیان وایە كە ئەم پرۆسەیە ئەگەر 100% لە خزمەتی تورك نەبێت، ئاوا شاگەشكە نابن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *