دوای گفتوگۆكانی جنێڤ لەبارەی وەستانی جەنگی ئۆكراینا.. ئەمەریكا گەشبینە

بینەر: (1.1K)

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئەمڕۆ رای گەیاند، گفتوگۆیەكی بەرهەمدار لە نێوان بەرپرسانی ئەمەریكا و هاوتاكانیان لە ئۆكراینا لە جنێڤ ئەنجام درا، ئەوەیش گەشبینییەكی دروست كردووە كە كۆتا بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆكراینا بێت. بەڵام هەندێك كاتی زیاتری دەوێت.

پێگەی “شەفەق نیوز” ئەمڕۆ دووشەم 24ی تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، لە دوای یەكەم دانیشتنی نێوان بەرپرسانی ئەمەریكا و هاوتاكانیان لە ئۆكراینا، بۆ رۆژنامەنووسان رای گەیاند، گفتوگۆكان زۆر بەباشی بەڕێوە چوون و گەشبینییەك هەیە بۆ وەستانی جەنگەكە، بەڵام هەندێك پێشنیاز هەن هی ئەوەی گفتوگۆی زیاتر لەسەر پرسەكە و پلانەكە بكرێت.

رۆبیۆ زیاتر گوتی، گفتوگۆكان بەشێوەیەكی گشتی قووڵ بووە و تا ئێستە بەرهەمی باشی هەبووە، پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كە پێشتر پێشكەشی كردووە، لە 28 خاڵ پێكهاتووە، بەڵام پێویستیی بەوە هەیە گەشەی پێ بدرێت، بۆیە ئێستە هەردوو شاندی ئەمەریكا و ئۆكراینا، كار بۆ ئەوە دەكەن دیسان پێداچوونەوەی تێدا بكەن تا هەردوو لایەنی ئۆكراینی و رووسی پێی رازی بن.

ئەوەشی گوت كە پلانەكە دیكیۆمێنتێكی زیندووە، تەنیا دەیەوێ پێشنیازەكان لەبارەیەوە لە بەرچاو بگیرێت، بۆیە گفتوگۆكان ئاستەنگ دروست ناكەن و گەشبینین كە دەگەینە خاڵێكی دیاركراو بۆ وەستانی جەنگەكە.

دوێنێش وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە، پێشنیازەكان لەلایەن ئەمەریكاوە پێداچوونەوەی بۆ كراوە و خاڵەكانیش لە بەرچاو گیراون، بێگومان پێشنیازەكان هی هەردوولای رووسی و ئۆكراینین.

جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا كە لە 24ی شوباتی 2022 دەستی پێ كرد، بەهۆیەوە هەزاران كوژراو و برینداری لە هەردوولا لێ كەوتووەتەوە، بەهۆیەوە ملیۆنان ئۆكراینیش ئاوارە بوون و شوێنەكانیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا جێهێشتووە. هاوكات ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا سزای ئابووریی توندیان بەسەر رووسیادا سەپاندووە و لە هەمان كاتیشدا بە چەك و كەلوپەلی سەربازی و دارایی، پاڵپشتیی ئۆكراینا دەكەن.

بەڵام لەوەتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا وەك سەرۆكی ئەو وڵاتە دەستبەكار بوو، رۆڵی سەرەكی بینی وەك ناوەندگیر بۆ دەستپێكردنی دانوستانی نێوان رووسیا و ئۆكرانیا. ئێستەیش دانوستان بەردەوامە و ژمارەیەك دیلیان گۆڕیوەتەوە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئاستی وەستانی جەنگەكە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *