“خەرجیی بانگەشەی هەڵبژاردن لە فەیسبووك پێنج ملیار دینار بووە”

بینەر: (19)

هەفتەی رابردوو هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو، بەر لەوەش بانگەشەیەكی زۆری تەواوی هێز و قەوارە و كاندیدان هەبوو و پارەیەكی خەیاڵی لە پۆستەر و وێنە و كڕینی دەنگ و راكێشانی لایەنگری خەرج كرا، تۆڕێكی دیجیتاڵی ئاشكرای دەكات كە تەنیا لە فەیسبووك بای پێنج ملیار دینار بانگەشە كراوە.

تۆڕی دیجیتاڵیی عێراق (DIN)، لە راپۆرتێكی ئاماژە دەكات كە كۆی ئەو پارەی لە رێكلام و بانگەشەی هەڵبژاردن لە فەیسبووك خەرج كراوە گەیشتووەتە سەرووی پێنج ملیار دینار، ئەوەی 500% لە خەرجیی هەڵبژاردنی 2021 زیاترە، ئەو ژمارەش دەری دەخات كە فەیسبووك بووەتە گۆڕەپانێكی سەرەكی بۆ كێبەركێی سیاسی، دوای ئەوەی هەڵمەتەكانی بانگەشە بووەتە ئامرازی سەرەكی بۆ راكێشانی دەنگدەران.

وەك لە راپۆرتەكە هاتووە، بەغدا لە پێشەوەی پارێزگاكانی عێراقە و زیاتر لە 1.5 ملیار دیناری خەرج كردووە، دوای ئەوەی نەینەوا بە نیو ملیار دینار و سلێمانی و هەولێریش بە بڕی 340 ملیۆن دینار و زیقار بە 320 ملیۆن دینار و هەڵەبجە كەمترین خەرجی هەبووە بە 16 ملیۆن دینار، خەرجكردنی پارە لە رێكلامەكان تەنانەت لە دوای متبوونی بانگەشەش بەردەوام بووە و لە رۆژی پێش دەنگدانی گشتی بای زیاتر لە 160 ملیۆن دینار لە پەخشكردنەوەی رێكلامی كۆن خەرج كراوە، ئەوە لەوكاتەی ژمارەی بەكارهێنەرانی فەیسبووك لە عێراق گەیشتووەتە 21.5 ملیۆن بەكارهێنەر.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *