لە دوای دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییە هاوبەشەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، میلیشیاكان لە عێراق دەستیان كرد بە كردنەئامانجی بەرژەوەندیەكانی ئەمەریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەوان زیاتر لەوە ئامانجی تریان پێوەست بە ئەجیندای خۆیان لە هەرێم بۆردمان كرد، توێژەرێكی سیاسی پێی وایە ئەو میلیشیایانە لە دەوڵەت بەهێزترن و رووبەڕوونەبوونەوەیان ئەو دۆخەی دروست كردووە.
یاسین عەزیز توێژەری سیاسی ئاماژە دەكات، ئێستە گرووپە چەكدارە یاساشكێنەكان لە عێراق لە دەوڵەت بەهێزترن، سەرەڕای ئەوەی حكوومەت توانای رووبەڕووبوونەوەی ئەوانی هەیە، بەڵام نەبوونی بڕیاری یەكلاكەرەوە و كاردانەوەی راستەوخۆ وای كردووە ئەو دۆخە تەناهییە ئاڵۆزەی ئێستە بەردەوام بێت.
زیاتر گوتی، هێرشی ئەو گرووپانە لە ژینگەیەكی فرەناوەندی بڕیار ئەنجام دەدرێت، كاتێك هەندێك لایەنی ناوخۆیی و ناوچەیی پابەندی بڕیار و رێنوێنییە فەرمییەكان نابن، ئەوەش ناسەقامگیری زیاتر كردووە، سەرەڕای ئەوەی ئێران لە رێگەی سوپای پاسداران و وەزیری دەرەوەی سەركۆنەی هێرشی سەر ماڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان راگەیاند، كەچی ئەو گرووپە دەسترۆیشتووانە پابەندی ئەو هەڵوێستە نین، ئەوەش بەرجەستەی بوونی ئەجیندای تایبەت لای هەندێك گرووپەكان لە ناو عێراق دەكاتەوە.
ئەو توێژەرە پرسیاری لەبارەی رۆڵی حكوومەتی عێراقی و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان لە سایەی تەرخانكردنی بودجەیەكی گەورە بۆ دامەزراوە سەربازییەكان كرد بێ ئەوەی هیچ ئەنجامێكی بەرجەستەكراویان هەبێت، دووپاتی كردەوە كە بەردەوامبوونی ئەو هێرشانە، لە ناو هەرێم و لە پارێزگاكانی تر، پێگە و رۆڵی دەوڵەت وەك كارەكتەرێكی سیاسی لاواز دەكات.
















Leave a Reply