توركیا و سووریا دووپات لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی دیمەشق دەكەنەوە

بینەر: (1.2K)

دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا لە كۆتایی 2024، لە 10ی ئاداری 2025 هەریەك لە مەزڵووم عەدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سووریا رێككەوتنێكیان لە دیمەشق بۆ رێكخستنەوەی پێوەندییەكانی هەردوولا واژوو كرد، بەپێی رێككەوتنەكە كە دەبێت تا كۆتای ئەمساڵ بێتە جێبەجێكردن، پێویستە ناوچەكانی ژێر دەستی هەسەدە و هێزەكانی لەگەڵ حكوومەتی سووریا یەك بخرێن، لەو ناوەدا وەزیرانی دەرەوەی توركیا و سووریا دووپات لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دەكەنەوە.

ئەمڕۆ دووشەم ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا و هاكان فیدانی هاوتا سوورییەكەی لە دیمەشق لە دوای زنجیرە دیدار و كۆبوونەوەیەك لەبارەی دۆسیە سیاسی و تەناهی و ئابوورییەكان، بەتایبەتی دۆسیەی رێككەوتنی 10ی ئاداری رابردووی نێوان هەسەدە و دیمەشق، لە كۆنگرەیەكی هاوبەشی رۆژنامەوانیدا ئاماژەیان بۆ پێویستیی جێبەجێكردنی رێككەوتنی 10ی ئاداری دیمەشق كردەوە، كە باسی یەكخستنی هێزەكانی هەسەدە لەگەڵ دامەزراوە تەناهی و سوپای سووریا دەكات.

لە كۆنگرەكەدا شەیبانی گوتی، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ شاندی توركیا باس لە چەند پرسێك كراوە، لەوانە هاریكاریی ئابووری و بازرگانی و بەهێزكردنی هاریكاریی هەواڵگری و سەربازی و گەڕانەوەی ئاوارە سوورییەكان لە توركیا و رێگرتن لە گەڕانەوەی داعش و دۆسیەی ناوچەكانی باكوری رۆژهەڵاتی سووریا، دووپاتی كردەوە كە رێككەوتنی 10ی ئادار بەرجەستەی خواستێكی نیشتمانی بۆ یەكخستنی خاكی سووریا دەكات، بەڵام تا ئێستە هەسەدە لە جێبەجێكردنی رژد نییە.

شایەنی باسە ئەمڕۆ دووشەم ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سووریا لە دیمەشق پێشوازی لە شاندێكی باڵای توركیا بەسەرۆكایەتیی هاكان فیدان وەزیری دەرەوە و ئەندامیەتی یەشار گولەر وەزیری بەرگری و ئیبراهیم كاڵن سەرۆكی دەزگای هەواڵگری و ئامادەبوونی ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە و مورهیف ئەبو قەسرە وەزیری بەرگری و سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی سووریا كرد.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *