ترەمپ لە كۆشكی سپی پێشوازی لە محەمەد بن سەلمان كرد

بینەر: (1.1K)

میدیاكانی سعوودیە بڵاویان كردەوە كە ئەمشەو محەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینی سعوودیە گەیشتە كۆشكی سپی و لە لایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا پێشوازی لێ كرا، بڕیارە لەو سەردانە هەردوو وڵات چەندان گرێبەستی بازرگانی بە بەهای چەندان ملیار دۆلار واژوو بكەن، جیا لە باسكردنی چەند بابەتێكی گرنگ.

بڕیارە بن سەلمان لە كۆشكی سپی لەگەڵ ترەمپ كۆ ببێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی پێوەندییەكانی هەردوو وڵات، بەتایبەتی لە رووەكانی بازرگانی و تەناهی و هاریكاریی مەدەنیانەی ئەتۆمی، چەند گرێبەستێكی بارزگانی بە بەهای چەندان ملیار دۆلار واژوو بكەن، باسی پرسی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی سعوودیە و ئیسرائیلیش بكەن، كە ریاز بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی بەستووەتەوە.

بەرپرسێكی ئەمەریكی ئاماژەی كرد كە ترەمپ دەیەوێ سوود لە بەڵێنەكەی پێشووی سعوودیە وەربگرێت بە وەبەرهێنان بە بڕی 600 ملیار دۆلار لە ئەمەریكا، بۆیە پێشبینی دەكرێت لەو سەردانە هەردوو وڵات رێككەوتن لەبارەی فرۆشتنی ئامرازی بەرگری و هاریكاریی مەدەنیانەی وزەی ئەتۆمی و وەبەرهێنان بە بڕی چەندان ملیار دۆلار لە بواری ژێرخان و ژیریی دەستكردن لە ئەمەریكا واژوو بكەن، ئەوە لەوكاتەی دوێنێ ترەمپ رای گەیاند كە فڕۆكەی پێشكەوتووی جەنگی لە جۆری ئێف-35 بە سعوودیە دەفرۆشن كە داوای 48 فڕۆكەی كردووە، هاوكات سعوودیە دەیەوێ گەرەنتیی نوێی تەناهیی لە ئەمەریكا بەدەست بێنێت.

بڕیاریشە سبەی چوارشەم شازادەی جێنشینی سعوودیە و ترەمپ ئامادەی كۆڕبەندی كارەكانی سعوودیە- ئەمەریكا ببن، پێشبینیش دەكرێت ترەمپ گوشار لە بن سەلمان بكات بۆ هاتنە ناو رێككەوتنەكانی ئیبراهیمی و ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل، كە سعوودیەكان بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینیان بەستووەتەوە كە ئیسرائیل رەتی دەكاتەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *