دوای ئەوەی دوێنێ دادگای باڵای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی پەسند كرد، ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننە كۆبووەوە و تاوتوێی بابەتی كاندیدی سەرۆكی پەرلەمانیان كرد، دوای كۆبوونەوەكە داوایان لە سەرۆك كۆمار كرد كە بەر لە 25ی ئەم مانگە وادەی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێ دیاری بكات كە تیایدا سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی دیاری دەكرێن، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆش شیعە كۆ ببنەوە.
عەقیل ردێنی گوتەبێژ بەناوی هاوپەیمانی “نەسر”ی حەیدەر عەبادی گوتی، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەغدا كۆ ببێتەوە، تیایدا كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران یەكلا ناكرێتەوە، بەڵام بڕیارە ئەو بابەتە لە ماوەی دوو هەفتە یەكلا بكرێتەوە، چونكە چوارچێوەكە سوورە لەسەر تێپەڕنەكردنی وادە دەستوورییەكان لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.
روونی كردەوە، قۆناغی ئێستە پێویست بە دیاریكردنی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك كۆماری نوێ دەكات، رۆژانی داهاتووش جموجۆڵێكی چڕی سیاسی لە نێوان هێزە سیاسییەكان بەخۆیەوە دەبینێت بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستەكان.
لای خۆیەوە ئیبتسام هیلالی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا گوتی، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ تاوتوێكردنی چەند بابەتێك كۆ دەبێتەوە لەوانە كاندیدی سەرۆك وەزیران، جیا لە كاندیدانی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك كۆمار، ئەوەش لە دوای پەسندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لە لایەن دادگای فیدراڵییەوە.















Leave a Reply