ئەمڕۆ هەواڵەكانی باسی رازیبوونی ئۆكراینایان كرد بە پلانی ئاشتیی ئەمەریكا بۆ وەستانی شەڕ لە ئۆكراینا، كاتێك رەشنووسی پلانەكە كە لە 19 خاڵ پێك هاتووە درایە شاندی ئۆكراینا و لەسەری رازی بووە و بڕیاریشە بدرێتە رووسیا بۆ تاوتوێكردنی و كردنی بە بنەمای گفتوگۆكانی هەردوو وڵات بۆ گەیشتن بە رێككەوتن و وەستانی شەڕ، ئەوە وای كرد نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا دابەزێت.
ئەمڕۆ سێشەم نرخی نەوت لە بازاڕەكان بە رێژەی 2% دابەزی، ئەوەش دوای راپۆرتەكانی هەواڵ كە قسەی بەرپرسێكی ئەمەریكیان گواستەوە بەوەی ئۆكراینا بە رێككەوتن و پلانی ئاشتیی ئەمەریكا رازی بووە، كاتێك نرخی گرێبەستەكانی دواخراوی خاوی برێنت بە بڕی 1.59 دۆلار بۆ بەرمیلێك دابەزی واتە بە رێژەی 2.52% و نرخی بەرمیلێكی گەیشتە 61.77 دۆلار، هەروەها نرخی خاوی رۆژئاوای تەكساس بە بڕی 1.60 دۆلار دابەزی، واتە بە رێژەی 2.1% و نرخی بەرمیلێكی گەیشتە 57.63 دۆلار.
ئەگەرچی هێشتا دیار نییە رووسیا بە پلانەكەی ئەمەریكا بۆ ئاشتی و وەستانی شەڕ رازی دەبێت یان نا، بەڵام هەواڵەكە كاری كردووەتە سەر نرخی نەوت و دایبەزاند، بەپێی رێككەوتنەكە ئەگەر رووسیا پێی رازی بێت، سزاكانی سەر مۆسكۆ لادەبرێت، ئەوەش دەبێتە هۆی گەیشتنی نەوتی زیاتر بۆ بازاڕەكان، كە رووسیا بەرهەمهێنەرەكی سەرەكیی نەوت و غازە، بۆیە لە ئەگەری واژووكردنی رێككەوتنی ئاشتی و لاچوونی سزاكانی سەر رووسیا چاوەڕوان دەكرێت نرخی نەوت زیاتر دابەزێت.
















Leave a Reply