هەفتەی رابردوو هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو و ئەنجامە سەرەتاییەكانی دەنگدان هاتە راگەیاندن، لەسەر ئەو بنەمایە هێزە سیاسییە براوەكان، بەتایبەتی شیعە، دەستیان بە جموجۆڵ كردوو و لەبارەی راگەیاندنی گەورەترین بارستەی پێكهێنەری حكوومەت بوونەتە دوو بەش، بەڵام كامیان دەیباتەوە؟
شارەزایان دەڵێن هەر سەرۆك وەزیرانێكی راسپێردراو پێویستە چەند مەرجێكی تیادا بێت و بە سێ فلتەردا تێپەڕ ببێت، سازانی ناوخۆیی شیعە و عێراقی، هاوسەنگی لە نێوان واشنتن و تاران، توانا و بەرنامەی چارەسەركردنی تەنگژە قووڵەكانی هەبێت، بە تایبەتی ئابووری و چاكسازی و ئاو و میلیشیاكان.
عومەر ناسر توێژەری سیاسی دەڵێت، جیاكردنەوەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق لە كاریگەریی ئەمەریكا نیوچە ئەستەمە، چونكە لە رووی سەربازی و تەناهییەوە بوونی ئەمەریكا لە عێراق بەهێزە، جیا لەوە ئابووری و دارایی عێراق بەتەواوەتی پشت بە ئەمەریكا دەبەستێت، رەنگە ئەمەریكا سەرۆك وەزیرانی عێراق دیاری نەكات، بەڵام كاریگەریی لەسەر پێكهاتە و سیسەتە تەناهی و ئابوورییەكەی هەیە.
روونی كردەوە، راستە چوارچێوەی هاوئاهەنگی توانای پێكهێنانی حكوومەتەكەی هەیە، بەڵام مەرجەكانی واشنتن، بەتایبەتی لەبارەی میلیشیاكان دیارن و وا دەكەن هەر حكوومەتێكی نوێ ناچار بێت رەچاویان بكات و لە كۆتایی ناتوانن هێڵە سوورەكانی ئەمەریكا، بەتایبەتی لە دۆسیە هەستیارەكان ببەزێنن.
عەبدولقادر نایل توێژەری سیاسی دەڵێت، هەر دوای راگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەكان ململانێ پێكهێنانی حكوومەت دەستی پێ كرد، ئێران پاڵپشتی لە نووری مالیكی و بارستەكەی لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەكات كە خاوەنی 130 كورسیی پەرلەمانین، هەوڵیش دەدرێت لەگەڵ سوننە و و كورد و كۆتا هاوپەیمانیەتێكی 210 كورسی پێك بێنن و سوودانی بەرەو ئۆپۆزسیۆنبوون پاڵ بدەن، بەڵام واشنتن نەیاریی بۆ باڵادەستیی مالیكی و میلیشیاكانی ئێرانی بەسەر حكوومەتی نوێ راگەیاندووە، جیا لە قسەكانی فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری لە دژی سوودانی، ئەوانەش پێكهێنانی حكوومەت پەك دەخەن.
نائیلی دووپاتی كردەوە شتێكی نیوچە دووپاتكراوەیە كە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق دوا دەكەوێت، بەڵام پێشبینی دەكرێت لە حاڵەتی بەردەوامی دەستوەردانی ئێران لە گفتوگۆكانی هاوپەیمانی سیاسی و پێكهێنانی حكوومەت، ئەمەریكا راستەوخۆ بێتە ناو بابەتەكە و یەكلای بكاتەوە.













Leave a Reply