هەفتەی رابردوو هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو و هێز و میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێران ئەنجامی باشیان بەدەست هێنا، ئەوان دەستیان بە گفتوگۆ كردووە بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی هاوشێوەی رابردوو نزیك لە ئێران، لەوكاتەدا ئەمەریكا رەزامەندی لەسەر گرێبەستێكی سەربازی بە بەهای 100 ملیۆن دۆلار لەگەڵ عێراق دەدات و شارەزایانیش پێیان وایە ئەوە پەیامێكە بۆ شیعە و ئێران.
وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا رای گەیاند كە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە رەزامەندی لەسەر فرۆشتنی سیستمی پێشكەوتووی پێوەندیكردنی سەربازی بە عێراق بە بەعای 100 ملیۆن دۆلار داوە، كە كەلوپەلی سەركردایەتی و كۆنترۆڵ و سیستمی رادیۆیی مەودافرەوان دەگرێتەوە، بەو پێیەی كۆمپانیای “ئێل سری هاریس”، وەك بەڵێندەری سەرەكی گرێبەستەكە جێبەجێ بكات لە هەنگاوێك پابەندیی واشنتن بۆ نوێكردنەوەی توانای پێوەندیكردنی عێراق دووپات دەكاتەوە، كە كەرتێكی هەستیارە و لە چوارچێوەی بەرنامەی هاریكاریی بەرگرییە لە نێوان هەردوو وڵات.
كاتی راگەیاندنی دەستەوارەكە دوای چەند رۆژێكە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دەست پێكردنی گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، عیماد محەمەد توێژەری سیاسی دەڵێت، رەزامەندیی ئەمەریكا لەسەر ئەو دەستەوارە چەند پەیامێكی سیاسی لە پشتە كە بەقەدەر رەهەندە سەربازییەكە گرنگن، بەرجەستەی خواستی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دەكات لە پارێزگاریكردن لە ئاستێكی جێگیری دەسەڵات لە ناو عێراق، هەرچەند ناكۆكییە سیاسییەكان لە نێوان هەردوو وڵات فرەوان بێت.
روونی كردەوە، ئەمەریكا دەزانێت كە دەستكێشانەوەی تەواوەتی لە عێراق بۆشاییەك دروست دەكات كە لە لایەن وڵاتانی ناوچەكە سوودی لێ دەبینرێت، بۆیەش هەوڵ دەدات رێرشەوی هاریكاریی هاوبەشی بەرگری وەك چوارچێوەیەكی جێگیر بۆ پێوەندییەكان برەو پێ بدات.
شارەزایان پێیان وایە واشنتن لەسەر دوو هێڵی هاوتەریب ئیدارەی پێوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا دەدات، یەكەم چارەسەركردنی ناكۆكییە سیاسییەكانی پێوەندیدار بە میلیشیاكان و دەسەڵاتی ئێران، دووەم بەردەوامیدان بە هاریكاریی سەربازی و تەكنیكی كە ئەمەریكا بە بنەمایەكی بۆ رێگرتن لە تێكچوونی دۆخی تەناهی لە عێراقی دادەنێت.














Leave a Reply