ئێران رووبەڕووی لبنان دەبێتەوە و باڵوێزەكەی دەسەپێنێت

بینەر: (355)

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتی دەكاتەوە، محەمەد رەزا شەیبانی باڵوێزی دەركراوی ئێران لە بەیرووت لە ئەركەكەی بەردەوام دەبێت، ئەمە لە كاتێكدایە وەزارەتی دەرەوەی لبنان بە فەرمی متمانەی لەو باڵوێزە وەرگرتووەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 30ی ئادار، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەسەر زاری گوتەبێژەكەی دووپاتی دەكاتەوە، شەیبانی وڵاتەكە جێناهێڵێت و لە ئەركەكەی بەردەوام دەبێت. سكای نیوز باسی لەوە كردووە ئێران باڵوێزەكەی خۆی بەسەر لبنان سەپاندووە، گوایە مانەوەی لەسەر داوای حزبوڵا و سەرۆكی پەرلەمانی لبنانە كە شیعەیە.

وەزارەتی دەرەوەی لبنان هەفتەی رابردوو متمانەی لە باڵوێزی ئێران لە بەیرووت سەندەوە و داوای لێ كرد تا 29ی ئادار خاكی لبنان جێبهێڵێت.

لە دووی ئاداری ئەمساڵ حزبوڵای لبنانی كە لە لیستی تیرۆرە، لە بەرژەوەندیی ئێران جەنگی دژ بە ئیسرائیل راگەیاندووە و بەهۆیەوە ئیسرائیل هێرش دەكاتە سەر لبنان. ئیسرائیل ئاشكرایشی كردووە لە هێرشەكانی بۆ سەر لبنان چەندان ئەفسەر و راوێژكاری ئێرانی كوشتووە كە لەوێ‌ هاوكاری حزبوڵا دەكەن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *