ئیعمار و تەنمییە: سوودانی كاندیدی ئێمەیە بۆ سەرۆك وەزیران

بینەر: (1.4K)

11ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو و بەپێی ئەنجامەكان هاوپەیمانیی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پلەی یەكەم لە رووی دەنگ و كورسی هات و توانی 46 كورسیی پەرلەمانی بەدەست بێنێت، پێش هەڵبژاردن و دوای پرۆسەكەش هاوپەیمانیەتییەكە دووپاتی كردەوە و دەكاتەوە كە سوودانی كاندیدی ئەوانە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.

هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە لایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە كۆبوونەوەیەك خۆی وەك گەورەترین بارستەی پەرلەمان راگەیاند و ئێستە خەریكی دیاریكردنی كاندیدی چوارچێوەكەیە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، جیا لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیران باسی حەمید شەتری سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا وەك كاندید دەكرێت.

ئەمڕۆ لەگەڵ سەردانیكردنی مالیكی ئەمڕۆ شەموو بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵا لە هەولێر، حزبی دەعوەی ئیسلامی لە راگەیەندراوێكدا نووری مالیكی ئەمینداری گشتیی حزبەكەی بۆ سەرۆكایەتیی حكوومەتی نوێ كاندید كرد و دووپاتی كردەوە كە ئەزموون و توانای بەڕێوەبردنی ئەو قۆناغە هەستیارەی هەیە، كە پێویست بە دەسەڵاتێكی پێگەیشتوو و هاوسەنگی سیاسی دەكات.

هەر ئەمڕۆ قوسەی مەحبووبە ئەندامی هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییە لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، ماوەی دوو مانگە دەڵێم نووری مالیكی دەبێتە كاندیدی حزبی دەعوە و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بۆ سەرۆك وەزیران، ئێمەش لە هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییە پێمان وایە ئەو بابەتە گرنگە و داوا لە هێزەكانی تری چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەكەین كاندیدی خۆیان پێشكەش بكەن، بەتایبەتی ئەوانەی 25 كورسی و زیاتریان هەیە.

ئەو ئەندامەی ئیعمار و تەنمییە دووپاتی كردەوە كە خاوەنی 46 كورسیی پەرلەمانی و 1.3 ملیۆن دەنگمان هێناوە، كاندیدی ئێمە بۆ سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سوودانییە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *