پێ دەچێت كوشتنی ئەبو عەلی تەباتەبائی سوپاسالاری حزبوڵای لبنانی سەرەتای قۆناغێكی نوێ و دەستپێكی پلانێكی تری ئیسرائیل و ئەمەریكا بێت بۆ ناچاركردن و یارمەتیدانی حكوومەتی لبنان بۆ داماڵینی چەكی حزبوڵا و نەهێشتنی هەژموونی بەسەر دەوڵەتی لبنان، بەپێی سەرچاوەكان سوپای ئیسرائیل بەنیازە لە رۆژانی داهاتوو زنجیرەیەك ئۆپراسیۆنی تایبەتی سەربازی لە ناو خاكی لبنان لە دژی حزبوڵا جێبەجێ بكات.
بەپێی چەند سەرچاوەیەكی دیپلۆماسیی رۆژئاوایی، راپۆرتەكانی هەواڵگری ئاماژە دەكەن كە ئۆپراسیۆنەكانی كۆماندۆزی ئیسرائیل كە بە نیازە لە رۆژانی داهاتوو لە ناو خاكی لبنان جێبەجێی بكات، مەبەست لێی لەناوبردنی پێگە سەربازییەكانی حزبوڵا و كوشتن و رفاندنی ژمارەیەك لە سەركردە و فەرماندە سەربازییەكانی حزبەكەیە.
ئەو زانیارییانە هاوكاتن لەگەڵ ئەو قسانەی باسی زیادبوونی چالاكیی هەواڵگریی ئیسرائیل و نۆكەر و سیخوڕەكانی لە ناو خاكی لبنان بۆ چاودێریكردن و كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو پێگە سەربازی و ئەو ئامانجانەی حزبوڵا كە كۆماندۆزی ئیسرائیل بە نیازە لە رۆژانی داهاتوو بیانكاتە ئامانج.
بەپێی سەرچاوەكان پلانەكە چوار بۆ شەش ئۆپراسیۆنی كۆماندۆز لە ناوچەكانی باشووری بەیرووت و بیقاع و باشووری لبنان لە چەند رۆژی داهاتوو لەخۆ دەگرێت و سەركەوتن و شكستهێنانیشیان دەكاتە پاساوی هەڵمەتێكی فرەوانی زەوینی كە ماوەی چەند مانگێكە سوپای ئیسرائیل چاوەڕوانی دەست پێكردنی دەكات.
بەپێی سەرچاوەكان ئەو ئۆپراسیۆنە تایبەتانەی كۆماندۆزی ئیسرائیل، سەرەتا و رێخۆشكەرن بۆ هێرشێكی فرەوەانی زەوینیی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر لبنان، پلانەكەی ئێستەی ئیسرائیل دابەزینی كۆماندۆز لە ئاسمان و لە كەشتییەكانەوە بە رێگەی یەكە سەربازییەكانی شایتیت 13 و سایریت متكال و یهلووم بۆ وێرانكردنی دامەزراوە سەربازییەكتانی حزبوڵایە كە ناتوانرێت بە بۆردمانی ئاسمانی لەناو ببرێن، جیا لە كوشتنی سەركردە و فەرماندە سەربازییەكانی حزبەكە و راوێژكارە سەربازییە ئێرانییەكان و دەستكەوتنی زانیاری و شكاندنی شكۆی حزبوڵا.
















Leave a Reply