چوارچێوەی هاوئاهەنگی: پێداچوونەوە بە لیستی كاندیدان نەوەستاوە

بینەر: (901)

دوور لە میدیاكان چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە بە دوو ئاراستە كار دەكات، یەكەمیان گفتوگۆ لەگەڵ سوننە و كورد بۆ دیاریكردنی كاندیدانی ئەوان بۆ هەردوو پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك كۆمار، دووەم بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران، ئەوەش گفتوگۆیەكی زۆری دەوێت بۆ یەكلاكردنەوەیان، لەو ناوەدا چوارچێوەكە دووپاتی دەكاتەوە كارەكانیان بەردەوامە.

دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆیەك بەوەی لیژنەی تایبەت بە چاوپێكەوتنی كاندیدان و پێداچوونەوە بە سیڤی ئەوان وەستاوە، چوارچێوەكە رەتی دەكاتەوە كە ئەو پرۆسەیە وەستابێت، عەقیل ردێنی ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، زانیارییەكانی باس دەكرێن بە وەستانی پێداچوونەوە بە لیستی كاندیدان راست نییە و كاركردن بە پێی میكانیزمە پیادەكراوەكان بەردەوامە، لیژنەی تایبەت بەو بابەتە لە هەڵسەنگاندنی ناوەكان بێ دواكەوتن بەردەوامە.

روونی كردەوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەموو بژارەكان تاوتوێ دەكات بە رەچاوكردنی هاوسەنگییە سیاسییە ناوخۆیی و دەرەكییەكان، ئەوەش بە مەبەستی دیاریكردنی كەسایەتییەكی خاوەن توانا بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی داهاتوو و مسۆگەریی سەقامگیریی سیاسی.

شایەنی باسە سەرچاوەكان باسی ناوی 15 كاندید لەسەر مێزی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، فەهد جبووری سەركردە لە رەوتی حیكمەی نیشتمانی ئاشكرای كرد كە ئەو لیژنەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێ دیاری كردووە، لە عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی و شێخ هومام حەموودی سەرۆكی هاوپەیمانی ئیبشر یا عێراق و عەبدولسادە فرێجی ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانی نەهجی وەتەنی پێك هاتووە، ئەوان سیڤی كاندیدان تاوتوێ دەكەن و موقابەلەیان دەكەن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *