ئێستە گفتوگۆیەكی چڕ لە ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەیە، بەپێی زانیارییەكان 15 كاندید ناویان لەسەر مێزی گفتوگۆكانە، لیژنەیەك خەریكی چاوپێكەوتن و وەرگرتنی سیڤی ئەوانە، بەرپرسێكی چوارچێوەكە ئاماژە دەكات كە ئەوان كاندیدێك دیاری دەكەن لە ناوخۆ و دەرەوە قبووڵكراو بێت.
عەباس رازی ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەمڕۆ چوارشەم لە كۆڕێك بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی قۆناغی دوای هەڵبژاردن گوتی، چوارچێوەی هاوئاهەنگی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێ دیاری دەكات كە لە رووی نیشتمانییەوە قبووڵكراو بێت و بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەكان فەراهەم بكات.
ئاشكرای كرد، لە كۆبوونەوەی دووشەمی داهاتووی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوایین بڕیار لەوبارەوە دەدرێت و تایبەتمەندییەكانی كۆتایی كاندیدی سەرۆك وەزیران لەناو لیستێك كە لە نۆ كاندید دیاری دەكرێت، دەبێت ئەو كەسێكی قبووڵكراوی نیشتمانی بێت و سیاسەتەكانی پێویستییە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكان دابین بكات.
رازی ئاماژەی كرد، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەرنامەیەكی پوختی بۆ ئەركەكانی سەرۆك وەزیرانی نوێ ئامادە كردووە، لەوانە چەند بڕگەیەك تایبەت بە دۆسیەی تەناهی و ئابووری و كەرتە گرنگەكان، ئەو تیمەشی بەرنامەكەی داڕشتووە، رەنگە ببێتە كڕۆكی تیمی نوێی حكوومەت، ئەگەر سەرۆك وەزیرانی نوێ ویستی سوودیان لێ ببینێت، كرنگ ئەوەیە سەرۆك وەزیرانی نوێ سامان و تونای دەوڵەت بۆ مەبەستی حزبی و سیاسی بەكار نەهێنێت، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نادات كە ناتوانێت حزبی سیاسی پێك بێنێت.
















Leave a Reply