پەكەكە داوای ئازادكردنی عەبدوڵا ئۆجەلان دەكات

بینەر: (10)

لە دوای چەند هەنگاوێكی گرنگ و كاریگەر لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا كە لە سەرەتای ئەمساڵ دەستی پێ كرد، كاتێك لەسەر داوای عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری گیراوی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە دانانی چەك و خۆهەڵوەشاندنەوەی راگەیاند و دواتر تەواوی هێزەكانی لە توركیا بەرەو قەندیل كشاندەوە، سەركردەیەكی ئەو حزبە دەڵێت، هیچ هەنگاوێكی تر نانێین تا ئۆجەلان ئازاد دەكرێت.

ئامەد ملاز سەركردە لە پارتی كرێكارانی توركیا لە دیدارێك لەگەڵ ئاژانسی “فرانس پرێس”، گوتی، ئێمە تەواوی هەنگاوەكانمان جێبەجێ كرد كە ئۆجەلان دەستپێشخەری بۆ كردبوو، دوای ئەوە هیچ هەنگاوی ترمان نابێت، چونكە پەكەكە چاوەڕوانی دەوڵەتی توركیایە و دەبێت ئەو هەنگاوەكانی لەسەریەتی بنێت.

روونی كردەوە، پەكەكە دوو داواكاریی سەرەكی هەیە، ئەوانیش ئازادكردنی ئۆجەلان كە لە 1999ەوە لە دوورگەی ئیمرالی گیراوە، هەروەها دداننانی دەستووری و بە فەرمی بە گەلی كورد لە توركیا.

ئەوە لە كاتێكە كە هەفتەی رابردوو نووسینگەی سەرۆك پەرلەمانی توركیا رای گەیاند كە شاندێكی لیژنەی تایبەتی پەرلەمانی توركیا بە داماڵینی چەكی پەكەكە، بۆ یەكەم جار سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلامی لە زیندانی ئیمرالی كردووە و باسی چەند بابەتێكیان كردووە، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە و داماڵینی چەكی و جێبەجێكردنی رێككەوتنی 10ی ئاداری دیمەشق لە نێوان هەسەدە و حكوومەتی سووریا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *