پیسبوون بەغداییەكان دەخنكێنێت و بەرەو پارێزگاكانی تر دێت

بینەر: (2)

تەنگژەكان بە تاك نایەن، لە سایەی گەندەڵی و خراپیی ئیدارەدان و نەبوونی پلان و چارەسەری راستەقینە و سەرقاڵیی بەرپرسان و دەسەڵات بە بەرژەوەندیی خۆیان و وڵاتان، عێراق لە ناو چەندان تەنگژەی قووڵەوە نقووم بووە، ئێستە پارێزگاكانی باشوور بە دەست میلیشیاكان و باندەكانی تاوان و بازرگانی مادەی هۆشبەر دەناڵێنن، هاوكات بەغدای پایەتەخت لە پیسبوون پێشەنگە و خەریكە بەغداییەكان دەخنكێن.

روانگەی عێراقی سەوز تایبەت بە بواری ژینگەپارێزی وریایی لە زیادبوونی مەترسیداریی ئاستی پیسبوونی ئاوهەوا لە بەغدا دا و روونی كردەوە ئەو هەورەی لە چەند سەعاتی رابردوو بە ئاسمانی پایەتەخت دروست بووە، چینێكی دروست كردووە رێگری لە پەرتبوونی پیسكەرەكان دەكات و لە نزیك چینی رووی زەوی دەیانهیڵێتەوە، ئەوەش تەنگژەكەی قووڵتر كردووە و مەترسییە تەندروستییەكانی زۆر زیاتر كردووە.

بەپێی بەیاننامەیەكی روانگەكە، دووەم ئۆكسیدی نایترۆجین دەبێتە هۆی ورووژانی چاو و كۆئەندامی هەناسە، بەركەوتنی درێژخایەنیشی دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ و لوولەكانی خوێن، هەرچی دووەم ئۆكسیدی كبریتە، بەرپرسە لە دروستبوونی ترشەباران و ئەوەش هێڵنج و ئازاری گەدە و كێشەی سییەكان دروست دەكات.

بەپێی روانگەكە پێشبینی دەكرێت ئەو پیسبوونەی پایەتەخت بۆ شار و پارێزگەكانی نزك لەو بگوازرێتەوە، لەوكاتەی بەم دواییە بەغدا پێشەنگی لیستی ئەو شارانەی دنیای گرت كە زیاترین پیسبوونیان لە دنیا تۆمار كردووە، كاتێك پێوەری پاكیی هەوا لە بەغدا لە نێوان 150 و 200 بوو، كە ئەوەش ئاستێكی ناتەندروستە و بەم دواییەش بۆ 380 خاڵ زیادی كردووە و ناوەندیی چڕیی (PM2.5) بۆ 2024 گەیشتووەتە 40.5 مایكرۆگرام/ مەتر سێجار، واتە زیاتر لە هەشت دار لە ئاستی دنیایی كە پێنج مایكرۆگرام/ مەتر سێجایە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *